کەشناسی هەرێم، کەشی پێشبینیکراوی 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی نوێی بارانبارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات.
ڕۆژی دووشەممە 2ی شوباتی 2026، کەشناسی و بوومەلەرزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی باکووری هەرێم نمەباران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکووری هەرێم بەفر بارینێکی کەم دەبێت. پاشان لە درەنگانی شەودا کاریگەری دابارین زیاد دەکات و لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت.
دەربارەی سبەی سێشەممە، کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند: ئاسمان هەوری باراناوی دەبێت و نمەباران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکاندا دەبارێت، لەگەڵ بوونی هەورەبروسکە ڕێژەی دابارینەکە زیاتر لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و پارێزگای سلێمانی دەبێت.
هاوکات لە ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی باکووری هەرێم بەفرێکی کەم دەبارێت و کاریگەری ئەم شەپۆلە تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت لەگەڵ نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ ڕۆژی سێشەممە:
هەولێر: 11 پلەی سیلیزی
پیرمام: 9 پلەی سیلیزی
سۆران: 5 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 1 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 10 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 11 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 11 پلەی سیلیزی
دهۆک: 10 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 10 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 10 پلەی سیلیزی
لە لایەکی دیکەوە ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی دەڵێت: “مانگی یەک ساردترین مانگ بووە لە 18 ساڵی ڕابردوو.”