دەستەی تەندروستیی کۆبانێ هۆشداری دەدات کە دۆخی تەندروستی شارەکە زۆر خراپە و خەریکە پێداویستی پزیشکی لە شارەکە نامێنێت و دەڵێت: “26 نەخۆشی شێرپەنجە لە کۆبانێ دەرمانیان نییە.”
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2026 ئەحمەد مەحموود، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی کۆبانێ ڕایگەیاند: “زیاتر لە 20 رۆژە لە کۆبانێ ڕۆژانە تەنها 5 کاتژمێر کارەبا هەیە، ئاو هێشتا بڕاوە و رێگە فەرمییەکانی هاتنی خۆراکیش بۆ شارەکە داخراون.”
ئەحمەد مەحموود گوتیشی: ئێستا 5 نەخۆشخانە لە شارەکە نەخۆش وەردەگرن، بەڵام 5 بنکەی تەندروستی وەستاون. هەروەها هاتنی ئاوارەکانیش کێشەی بۆ دروستکردووین و لە نەخۆشخانەکان شوێن نەماوە بۆ نەخۆش.
هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی کۆبانێ ئەوەشی ڕاگەیاند: “لە ئێستادا 26 نەخۆشی شێرپەنجە لە کۆبانێ بە دەست نەبوونی دەرمان دەناڵێنن و ئەم نەخۆشانە لە دۆخێکی زۆر سەختدان و پێویستە بەپەلە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بگوازرێنەوە بۆ حەلەب یان شام.”
هاوکات یەکێک لە کێشە گەورەکان کە لە کۆبانێ سەری هەڵداوە ئاوی پیسە و نزیکەی 500 کەس تاوەکو ئێستا بەهۆیەوە ژەهراوی بوون.