لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە یانەیەکی شەوانەی ویلایەتی گۆوای وڵاتی هیندستان بە لایەنی کەمەوە 25 کەس گیانیان لەدەستدا و لە نێویشیاندا گەشتیار هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمی 2025 سەرۆکوەزیرانی ولایەتی گۆوا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند؛ لە ئاکامی ئاگرکەوتنەوەیەک لە یانەیەکی بەناوبانگی شەوانە، بە لایەنی کەمەوە 25 کەس گیانیان لەدەستداوە، زۆربەیان کارمەندانی چێشتخانەی یانەکە بوون و سێ تا چوار گەشتیاریش گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵی پرێس ترەستی هیندستان لە زاری پۆلیسی ناوخۆی ویلایەتەکە بڵاویکردەوە، کە ئاگرەکە بەهۆی تەقینەوەی بوتڵێکی غاز بووە و لە کاتی کەوتنەوەی ئاگرەکەدا نزیکەی 100کەس لەسەر سەکۆی سەماکردنی نێو یانەکە بوون و لە کاتی ئاڵۆزییەکەدا ژمارەیەکیان بەرەو چێشتخانەکەی نهۆمی خوارەوە ڕایانکردووە و لەگەڵ کارمەندەکاندا گیریان خواردووە.
ئاژانسەکە ئاشکرای دەکات؛ پێشتر لەلایەن دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە ئاگادارکردنەوەی ڕووخاندنیان ئاڕاستەی یانەکە کردووە چونکە مۆڵەتی بیناسازی حکومەتی نەبووە، بەڵام بەرپرسانی باڵا بڕیارەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە.

