دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق، لە دانیشتنێکدا تانەی چوار بەربژێری قبوڵکرد بۆ گەڕانەوە ناو کێبکڕکێی سەرۆک کۆمار و لەبەرامبەردا 24 بەربژێریتری دوورخستەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026 دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند: تانەکەی مەلا بەختیار کە بۆ گەڕانەوە بۆ کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەشیکردبوو بە فەرمی لەلایەن دادگەوە ڕەتکرایەوە، هاوکات چوار بەربژێری دیکە کە تانەیان گرتبوو گەڕێندرانەوە ناو کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار.
دادگەی فیدڕاڵی، ناوی چوار بەربژێرەکە ئاشکرادەکات کە بریتین لە:[خالید سدیق عەزیز محەممەد، ئازاد مەجید حەسەن، رافع عەبدوڵڵا حەمید مووسا و سالم حەواس عەلی].
دادگای فیدڕاڵی عێراق، داواش لە پەرلەمانی عێراق دەکات ناوی ئەم چوار کەسە بۆ لیستی ئەو کاندیدانە زیاد بکات کە مەرجی کاندیدبوونیان تێدایە.
پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، بەڵام تا ئێستا لایەنە کوردییەکان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێکنەکەوتوون.

