بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بارەگای پارتی ئازادیی کوردستان لە ناحیەی دارەشەکرانی پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک شەهیدبوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026، پارتی ئازادیی کوردستان [PAK] ڕایگەیاند: لە کاتژمێر 5:45 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە لایەن ئێرانەوە سەرەتا بە درۆن پاشان بە مووشەک هێرش کرایە سەر بارەگەیەکەمان لە چەمشاری ڕێگەی دهۆک.
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دوو کەس بوونە قوربانی“مزەفەر محەمەدزادە”، ناسراو بە “نەبەز”، ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان و ئەندامی یەکەی لۆجستیکی سوپای میللی کوردستان، شەهیدبوو. هەروەها “هاوبیر سدیق” بەشێکی زۆری جەستەی سووتاوە و لە ئێستادا بارودۆخی جێگیرە.
پارتی ئازادیی کوردستان دەشڵێت: ئەگەرچی شەهیدبوونی خەڵک و هەڤاڵانمان لەسەر شەقامەکانی نیشتمان و لەسەنگەری پڕ شکۆی پێشمەرگەدا، دڵتەزێن و کەسەرهێنە، بەڵام دوژمنی داگیرکەر دڵنیا دەکەینەوە ڕۆڵەکانی کوردستان هەرگیز بە پەلامار و زەبروزەنگی ئەوان بەچۆکدا نایەن و رێگای ڕاماڵینی ئەوان و ئەستاندنی سەربەخۆیی پڕ ڕێبوارتر دەبێت.

