سێ هێرشی چەکدارانی سووریا لەلایەن شەڕڤانان تێکشکێندران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ هێرشی چەکدارانی سەر بە دیمەشق لە سێ بەرەی جیاواز لە سنووری کۆبانێ لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات تێکشکێندران. 

ئەمڕۆ سێشەممە 20ی کانوونی دووەمی 2026، هەسەدە ڕایگەیاند: لە پێکدادانێکدا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 3:00 تاوکو 6:00 بەردەوامبوو، هێزەکانمان بە ئازایەتی و توانایەکی بەرزەوە بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە.

هێرشی چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا لە سێ شوێنی جیاواز ئەنجام دراون و بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە، لە هەر سێ شوێنکە هێرشەکان تێکشکێندراون و دوژمن ناچار بە کشانەوە کراوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە بەرەی ‘سرین’دا پێکدادانێکی قوڕس لە نێوان شەڕڤانان و چەکدارانی سووریا دروست بووە و هەسەدە دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی سووریا تێکشکێندراون و سەرنشینەکانیان کوژراون.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە ئاماژە بە تێکشکاندنی هێرشی بەرەی ‘ئەبو سوڕە’ دراوە و دەڵێت: گورزێکی گەورەمان لە هێزەکانی دوژمن داوە و ناچارمان کردوون “بکشێنەوە و هەڵبێن.”

هەروەها لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ و بە دیاریکراوی لە بەرەی گوندی ‘خان مامەند’ شەڕڤانان هێرشێکی دیکەیان تێکشکاندووە و دەڵێت: دوژمن گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە و پلانەکەی شکستی هێناوە و ناچار بە کشانەوە کراوە.

ئەم هێرشانە بۆ سەر کۆبانێ لەلایەن چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا دوای ئەوە دێن، ڕۆژی چوارشەممە مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع لە دیمەشق کۆبوونەوە، بەڵام بەهۆی پەشیمانبوونەوەی حکومەتی سووریا لەو بەڵێنانەی بۆ ڕێککەوتن بە هاونیشتمانیانی کوردیان دابوو لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆبوونەوەکە بێ دەرئەنجام کۆتایی هات و کورد بڕیاری بەرگری و شەڕکردنی دا.