کەشناسێکی عێراقی ڕایگەیاند، عێراق دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی سارد و کەم وێنە و پێشبینی دەکرێت بەفر نەک تەنها لە بەرزاییەکان، بەڵکو لە سەنتەری پارێزگاکانی ‘کەرکووک و موسڵ’یش ببارێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی کانوونی دووەمی 2026 گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، عامر جابری ڕایگەیاند: کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلەی عێراقی گرتۆتەوە لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە و بەیانیی ڕۆژی چوارشەممەوە دەست پێ دەکات و بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.
عامر جەبار ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەمە بە سەختترین شەپۆلی سەرما دادەندرێت لەم وەرزە و پلەی گەرما زۆر دادەبەزێ بە جۆرێک لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە ژێر سفر و لە بەشێکی ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووریش لە کاتەکانی بەیانی و شەودا لە نزیک سفر دەبێ.
گوتەبێژی کەشناسی عێراق ئاشکرای دەکات، بەفربارین تەنیا چیا و ناوچە بەرزەکان نەگرێتەوە بەڵکو دەگاتە شارەکانی هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکەی باکووری عێراق، بەجۆرێک کە پێشبینی دەکرێ لە شارەکانی موسڵ و کەرکووکیش بەفر ببارێ، تەنانەت ئەگەری بەفربارینی کەم لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنباریش هەیە.
بەگوێرەی گوتەکانی عامر جەباری، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای عێراق، شەختە و سەهۆڵبەندان دروست دەبێت و ڕەنگە لە بەشێک لە ناوچەکان بەهۆی بەفربارینی چڕ ئاستەنگی هاتووچۆش دروست ببێت.

