داڵ میدیا – تایبەت
لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی ئێران، ڕەزا پەهلەوی خۆی وەکو جێگرەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران پیشاندا و ترەمپیش لەبارەیەوە دەڵێت، “کەسێکی باشە، بەڵام من گومان هەیە لەوەی گەلی ئێران ڕازی بن.”
ڕەزا پەهلەوی، کوڕی ئەو پاشایەیە کە مێژوو پێمان دەڵێت، “دەستی سوورە بە خوێنی کورد و لە ساڵی 1947 هێرشی کردە سەر کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و قازی موحەممەدی لەسێدارەداوە. “ لەگەڵ ئەوەشدا گوتەکانی بەرامبەر نەتەوەکانی ئێران دەری دەخەن؛ ڕەزا پەهلەوی کەسایەتییەکی نەتەوە پەرستی هەیە و لەگەڵ مافی کوردا نییە.
ڕۆژی چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربارەی گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئێران لەلایەن ڕەزا پەهلەوی بۆ ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند؛ “ وەکو کەسێکی زۆر باش دەردەکەوێت، بەڵام بەڕاستی نازانم لەنێو وڵاتەکەی خۆیدا چۆن ڕۆڵ دەگێڕێت.”
ترەمپ دەربارەی پەهلەوی ئەوەشی ڕاگەیاند؛ گەلی ئێران بە سەرکردایەتییەکەی ڕازی بن، کێشەم نییە. گەرچی “کەسێکی باشە”، بەڵام گومانی هەیە لەوەی بتوانێت پشتیوانیی پێویست لەنێوخۆی وڵاتەکەی بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات کۆبکاتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ماڵپەڕی فرانس 24، نزیکەی هەفتەیەک دەبێت لەنێو خۆپیشاندەرانی ئێران، ناوی ڕەزا پەهلەوی و ئاڵای پێشووتری ئێران[شێر و خۆر] بەرز دەکرێتەوە. ئەمەش وەکو پشتگیرییەک بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی ئێران لەلایەن پەهلەوی.
فرانس 24 ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ڕەزا پەهلەوەی، لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە ئەمریکا، پەیام ئاڕاستەی گەلی ئێران دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە کۆماری ئیسلامی ئێران و دووبارە هاتنەوە دەسەڵاتی خێزانی پەهلەوی و دەسەڵاتی پادشایەتی، هەروەها داوا لە هێزە ئەمنییەکانیش دەکات ڕیزەکانی حکومەت جێ بهێڵن و بچنە بەرەی خەڵک.
هاووڵاتییانی ئێران ڕازین بە ڕەزا پەهلەوی؟
لە ماوەکانی ڕابردوو دامەزراوەی گامان، کە لە هۆڵندایە و لەلایەن کۆمەڵێک توێژەری ئێرانی دامەزراوە، ڕاپرسییەکی ئەنجامدا کە زیاتر لە 77 هەزار هاووڵاتی ئێرانی بە نەتەوەی جیاواز بەشدارییان تێدا کرد. بەگوێرەی دەرئەنجامی ڕاپرسییەکە بۆچوونی زۆرینەی بەشداربووان کە نزیکەی 70% دەکات، بە توندی دژی ڕەزا پەهلەوین و متمانەیان پێ نییە.
ئەمەش هۆکارێکی بەهێزە بۆ ئەوەی، گەلە ڕاپەرییوەکەی ئێران بە هەموو نەتەوەکانییەوە کە ئێستا ڕژاونەتە سەر شەقام، قبوڵیان نەبێت کوڕی پاشا لە تەخت لادراوەکەی ڕابردوو ببێتەوە دەسەڵاتداری ئێران. لەلایەکی دیکەشەوە کوردەکان ڕقێکی زۆریان بەرامبەر دەسەڵاتی پەهلەوی پێشووتری ئێران هەیە، بەهۆی ئەوی بەردەوام دژی کورد و مافەکانی کورد وەستاونەتەوە و کوردیان چەوساندۆتەوە.
بۆچوونی ڕەزا پەهلەوی بەرامبەر کورد و نەتەوەکانی دیکە چییە؟
بەگوێرەی سەرچاوەکان و ئەو لێدوانانەی لەم دوایانەدا ڕەزا پەهلەوی بۆ میدیا ئەمریکییەکانی داوە، کەسێکی خۆپەرستە و خۆی وەک پاشای شەتڕەنج دەبینێت، تاوەکو هەمووان لە پێناو ئەودا بجەنگن و لە خزمەتی ئەودابن. دەردەکەوێت کە پەهلەوەی نەتەوە پەرستە و هیچ مافێک بۆ گەلی کورد بە ڕەوا نابینێت. تەنانەت لە پەیامەکانیشیدا دەڵێت، من خوێن و قوربانی ئەو کەسانە ناگرمە ئەستۆ کە لە خۆپیشاندانەکاندا دەکوژرێن.
ڕەزا موحەممەد ڕەزا پەهلەوی، کوڕی گەورەی موحەممەد پەهلەوییە، کۆتا پاشای ئێرانە، ئەو پاشایەی دژایەتییەکی زۆری گەلی کوردی دەکرد و لە ساڵی 1947 هێرشی کردە سەر کۆماری کوردستان و پاشان لە 31ی ئازاری 1947 بە تۆمەتی خیانەتکردن لە دەوڵەت “پێشەوا قازی موحەممەد”ی لە شاری مهاباد لەسێدارەدا.

