دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشە لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات و دەڵێت: ئەگەر ڕژێمی ئێران بەردەوام بێت لەسەر کوشتن و لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران، “کاردانەوەیەکی زۆر بەهێزمان دەبێت.”
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیدا لەگەڵ کەناڵی “ سی بی ئێس نیوز” دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران هەر وا بە ئاسانی تێناپەڕێت و واشنتۆن هەرگیز بێدەنگ نابێت.
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: من لەم کاتەدا هەموو کۆبوونەوەکانم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ڕادەگرم، تاوەکو بە تەواوی واز لە کوشتن و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران دەهێنن.
ئەم گوتانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت، کە بەگوێرەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بێت، ئێران بەنیازە ئەمڕۆ چوارشەممە خۆپیشاندەرێکی 26 ساڵ لەسێدارە بدات، کە هەفتەی ڕابردوو دەستگیرکرابوو.
هەرچەندە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران کوژرانی 734 کەسیان پشتڕاست کردۆتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە و ڕەنگە بگاتە هەزاران کەسیش.

