نەبوونی بڕوانامە بووە هۆکاری دوورخستنەوەی مەلا بەختیار، کە یەکێک بوو لە کاندیدە بەهێزەکانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
حیکمەت محەممەد کەریم، ناسراو بە ‘مەلا بەختیار’ ئەمڕۆ لەلایەن لێژنەی تایبەت بە کاندیدانی سەرۆک کۆماری عێراق، بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی بە کالۆریۆس لە کاندیدبوون بۆ ئەو پۆستە دوورخرایەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست داڵ میدیا کەوتووە، بەرزترین بڕوانامەی مەلا بەختیار بریتییە لە خوێندنی ئامادەیی، ئەمەش لە کاتێکدایە یەکێک لە مەرجەکان بۆ بوون بە سەرۆک کۆماری عێراق، پێویستە کەسی پاڵێوراو خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت. گەرچی مەلا بەختیار پێشتر بڕوانامەی ئامادەیی پێشکەشکردبوو، بەڵام لەلایەن لێژنەکە ڕەت کراوەتەوە و داوایان لێ کردووە تاوەکو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2026-01-13 کۆتا بڕوانامەی خۆی پێشکەش بکات.
نەبوونی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بووە هۆی بێ هیوابوونی مەلا بەختیار بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ناوبراو ڕایگەیاندبوو، بەهۆی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆماری عێراق، خۆم کاندید کردووە و دەتوانم ئەو پۆستە وەربگرم.

