دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ – کوردستان، دەربارەی لێدوانێکی مەلا مەزهەر خوراسانی، مامۆستای ئاینی هاتە دەنگ و دەڵێت: “ئەو وتانەی ناوبراو بە تەواوی دژی بنەمای ئایینەکانە و پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و شکۆی ژنانە.”
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ – کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “بەداخەوە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری هەولێر، بە ناوی [مەلا مەزهەر تاهیر]، لە کەناڵێکی میدیایی لێدوانێکی بڵاوکردووەتەوە و بێڕێزییەکی زۆر بە ئافرەتان و ڕۆڵ و پێگەی ئافرەت دەکات. ناوبراو لە ڕوانگەیەکی تەسکەوە ڕۆڵی ئافرەتی کەم کردووەتەوە لە ماڵەوە و وەک خزمەتکارێک وێنای کردووە کە ئەرکەکەی تەنها لە ماڵەوەیە.”
دەستەی مافی مرۆڤ ئەوەشی ڕاگەیاند: دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕێگەی داواکاری گشتییەوە ئەو کەیسە دەجوڵێنێت و ناوبراو [مەلا مەزهەر تاهیر] ڕووبەڕووی یاسا دەکاتەوە لەبەر ئەوەی وتەکانی مەلا مەزهەر دژی ماددەی 14ی دەستوری عێراقە کە ئەم ماددەیە بەڕوونی باس لەوە دەکات کە یەکسانی هەیە لە نێوان ژن و پیاواندا.
لە بەیاننامەکەدا دەستەی مافی مرۆڤ جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەتوندی دژی ئەو جۆرە لێدوانانەن و ئیدانەی دەکەن و داواش لە وەزارەتی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان دەکات کە ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بەرامبەر ئەو کەسانەی پێشێلکاری بەرامبەر خەڵک دەکەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەکانەوە.
ڕۆژی یەکشەممە 2026-01-11 مامۆستایەکی ئاینی لە شاری هەولێر ناسراو بە [مەلا مەزهەر خوراسانی] لە لێدوانی بۆ دەزگایەکی میدیای باس لە داگیرکردنی گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب دەکات لەلایەن چەکدارانی “ئەحمەد شەرع”ەوە، لە بەشێکی قسەکانی ئەو مامۆستا ئاینییە، کوردان بە تۆمەتباری ئەو شەڕە دەزانێت و بەتایبەت باس لەو ژنە شەڕڤانە دەکات کە لە لایەن چەکدارانی عەرەبی سووری لە باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی فڕێدرایە خوارەوە و مەلا مەزهەر دەڵێت: شوێنی ئافرەت شەڕکردن نییە و ئافرەت پێویستە لە ماڵەوە خزمەت بکات و خواردن ئامادەبکات.

