بە قسەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت بێت لە وەزارەتی نەوتی عێراق، بەم زووانە نرخی غاز هەرزان دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2026 ڕافد سادق، بەرێوەبەری دابەشکردنی نەوت لە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند: بەهۆی دروستبوونی کێشەیەک لە بۆڕی غازی ماڵان، ناچاربووین پەنا بۆ ڕێگایەکی خێرا ببەین ئەویش بەکارهێنانی غازی یەدەگ بوو، بەڵام ئەو ڕێگەیەش سەرکەوتوو نەبووە و نەمانتوانی بە شێوەیەکی پێویست غاز بۆ ماڵان دابین بکەین.
ڕافد سادق گوتیشی: بە هۆی وەرزی زستان و سەرما و سۆڵەوە هاووڵاتیان خواستیان لەسەر بەکارهێنانی غاز زیاد کردووە، بەشێوەیەک تەنها لە ناوخۆی بەغداد بە لایەنی کەمەوە پێویستمان بە 180 هەزار بتڵی غاز دەبێت.
بەڕێوەبەرەکەی دابەشکردنی نەوت، مژدەی چارەسەرکردنی کێشەکە بە هاووڵاتیان دەدات و دەڵێت: ئەو قەیرانەی دروستبووە لەسەر غاز کاتییە و بەم زووانە غاز دەگەڕێتەوە نرخی ئاسایی خۆی و سەرجەم کێشەکان چارەسەر دەبن.

