سالم جاسم
ئەحمەد شەرع کە ڕۆژگارێک ئەندامی قاعیدە و داعش بووە و ئێستاش کە دەسەڵاتی سووریای بە دەستەوەیە، چۆن دەتوانێت ئاشتی و سەقامگیری بۆ ئێزیدی، مەسیحی، عەلەوی و درووزەکانی ئەو وڵاتە فەراهەم بکات؟ پێشینەی ڕادیکاڵیی شەرع پرسیارە گەورەکان لەبارەی توانای ئەوەوە دروست دەکەن کە بتوانێت وڵاتێک بەڕێوە ببات کە دەیان ساڵە لەنێو ناکۆکی و جەنگی ناوخۆیی دەناڵێنێت.
ئەو شەرعەی کە لەژێر کۆنترۆڵی تەواویی تورکیادایە، چۆن ڕێگە بە هەبوونی کورد دەدات لەناو پرۆسەی سیاسی و سەربازیی وڵاتەکەیدا؟ ئایا دەتوانێت لەگەڵ گشت پێکهاتەکانی دیکەی سووریا بە دادپەروەری هەڵسوکەوت بکات؟ تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی ڕوون و هیوابەخش لەم بارەیەوە بەدی ناکرێت.
ئەقڵی شەرع ئەو ئەقڵە تەندروستە نییە کە سووریا بکاتە وڵاتێکی فرەیی، وڵاتێک کە هەموو پێکهاتەکانی خۆیان تێیدا ببیننەوە و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. مێژووی ئەو گرووپانەی کە شەرع سەرکردایەتییان کردووە، پڕە لە توندوتیژی و سەرکوتکردنی کەمینەکان. لەژێر سەرکردایەتیی شەرعدا، سووریا سەقامگیری و پێشکەوتنی ڕاستەقینە بەخۆیەوە نابینێت، بەڵکوو پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە بیرکردنەوە و دیدگادا هەیە، گۆڕانکارییەک کە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر ڕوودانی نییە. ئەگەرچی گوتاری شەرع بەجۆرێکن، بەڵام کردارەکانی شتێکی دیکەمان پێ دەڵێن.
ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەگەر خەون بەوە دەبینن کە سووریایەکی نوێ و دیموکراتیک لەسەر دەستی ئەحمەد شەرع بێتە ئاراوە، بێگومان خەونی وشتر دەبینن! چونکە ئەزموونی ناوچەکە لە دوای بەهاری عەرەبی پیشانی داوە کە گۆڕینی دیکتاتۆرێک بە یەکێکی دیکەی خاوەن پێشینەی ڕادیکاڵ یان ئیسلامی سیاسی، هەرگیز ئەنجامی باشی نەبووە. ئەزموونەکانی لیبیا، یەمەن و عێراق خوێندنەوەیەکی ڕوونن: گۆڕانی ڕژێم بەتەنها مەرجی سەرکەوتن نییە، بەڵکو پێویستە ئەو کەسانەی دەسەڵات دەگرنە دەست، باوەڕیان بە دیموکراسی و فرەیی هەبێت.
سووریا لە داهاتوودا وەک ئێستای عێراق دەبێت: وڵاتێک کە بە ئەجێندای دەرەکی بەڕێوە دەچێت، پڕ لە گرووپە چەکدارە دوور لە یاساکان، بەکارهێنانی چەمکی زۆرینە و پێشێلکاریی مافی کەمینەکان، وڵاتێک کە هەرگیز ویستی ئەمریکا و هاوپەیمانانیشی لێیەوە بەدی نایەت. کارەساتێکی دیکە بۆ گەلێک دێتە ئاراوە کە بە دەیان ساڵە ئازار دەچێژێت و خەونی ژیانێکی سەقامگیر دەبینێت.
کەواتە ئەحمەد شەرع ئەزموونێکی شکستخواردووە، بەر لەوەی تاقی بکرێتەوە، پێشینە و هەڵوێستەکانی پێمان دەڵێن کە ئەمە هی ئەوە نییە هیوای لەسەر هەڵبچندرێت، سووریایەکی سەقامگیر و ئاوەدان، پێویستی بە هزرێکی ڕۆشن، کراوە و میانڕەو هەیە، بە سەرکردایەتییەکەوە کە باوەڕی بە فرەیی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ هەبێت، بێگومان شەرع ڕێک پێچەوانەی ئەو هزرەیە!

