شاندی پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبوونەوە لەسەر دوو پرس، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو لا مەرجی ڕێککەوتنیان پێشکەشی یەکدی کردووە و پارتی گوتوویەتی؛ دەنگ بە کاندیدەکەی ئێوە دەدەم بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵام مەرجم هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2026 شاندێکی چوار کەسی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان کرد لە شاری هەولێر. کۆبوونەوەکە لەسەر دوو پرس بەڕێوەچوو، ئەوانیش پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکلاکردنەوی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.
دەربارەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی نێوان پارتی و یەکێتی، دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە میدیای یەکێتی ئاشکرای کرد؛ پارتی نووسراوێکی پێشکەش بە یەکێتی کردووە، کۆمەڵێک مەرج لەو نووسراوەیاندا هەبووە، گرنگترینیان بریتیبووە لەوەی، “پارتی دەنگ بە کاندیدی یەکێتی دەدات بۆ سەرۆک کۆماری عێراق، بەڵام یەکێتی دەبی نەرمی بنووێنێت بەرامبەر ئەو داواکارییانەی هەیەتی بۆ کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.”
بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمی یەکێتی، لەبەرامبەر ئەو مەرجەی پارتی، یەکێتی وەڵامی خۆی هەبووە و گوتوویەتی کابینەی حکومەتی هەرێم و کاندیدی سەرۆک کۆمار دوو پرسی جیاوازن و پێویستە بە جیاواز گفتووگۆیان لەسەر بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، هەردوولا پاکێجی تایبەتییان داوەتە یەکدی و بڕیارە لای خۆیان هەڵسەنگاندی بۆ بکەن، پاشان دووبارە شاندی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
شاندی پارتی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێکهاتبوو لە هۆشیار زێباری، دڵشاد شەهاب، پشتیوان سادق و ئومێد سەباح، وە لەلایەن هەر یەک لە قوباد تاڵەبانی، ڕێواز فایەق، دەرباز کۆسرەت ڕەسول و شاڵاو شێخ سەڵاح پێشوازیان لێکرا.
گەر هەردوو حیزبەکە بگەنە ڕێککەوتن، وادەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەت دیاری دەکرێت و کۆمەڵێک ڕێکاری کارگێڕی یاسایی لەخۆ دەگرێت، سەرەتا کاراکردنەوەی پەرلەمان و دەستنیشانکردنی سەرۆک و جێگرانی پەرلەمان، پاشان سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردرێت و دوای ئەوەش سەرۆکی هەرێم سەرۆکوەزیران ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ.