هاووڵاتییەک دوای شەش مانگ لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆی دەردەکەوێت کە هێلکە گونێکی نەماوە و دکتۆرەکەشی پێی دەڵێت؛ پێویستت پێی نییە بۆیە دەرمهێناوە.
ڕۆژی سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026 هاووڵاتییەک کە دانیشتووی قەزای شەقڵاوەیە، بۆ میدیاکان ئاشکرای دەکات؛ لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەری دکتۆر بەبێ ئەوەی پرسی پێ بکات هێلکە گونی لای چەپ دەرهێناوە و دوای شەش مانگ لە نەشتەرگەرییەکە گومانی کردووە و زانیوویەتی کە ئەم ئەندامەی جەستەی نەماوە.
چیڕۆکەکە لەسەر زاری قوربانییەکە بەم شێوەیەیە:
لە شەقڵاوە سەردانی شاری هەولێرم کرد بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک، بەڵام ئەو نەشتەرگەرییەی کە ئەنجاممدا سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە دوای نزیکە ساڵێک سەردانی هەمان ئەو دکتۆرەم کردەوە کە نەشتەرگەرییەکەم لای ئەنجام دابوو، ئەو جارەیان دکتۆرەکە بە گرەنتی نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجامدام.
پیاوەکە دەڵێت: دوای نزیکەی شەش مانگ گومانم کرد کە “هێلکە گونی چەپە”م نەماوە، بۆیە بڕیارمدا پشکنینی سۆنەر ئەنجام بدەم، تاوەکو دڵنیاببمەوە، بەڵام لە پشکنینەکە دەرکەوت کە گومانەکەم ڕاستە.
بەگوێرەی گێڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە، دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکی کردووە و دڵنیابۆتەوە لەوە کە هێلکە گونی چەپەی لەدەستداوە، سەردانی هەمان ئەو دکتۆرە دەکات کە نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەنجام داوە. دکتۆرەکە دان بەوە دەنێت کە هێلکە گوونەکەی دەرهێناوە، بەڵام دەڵێت، “نەم فرۆشتووە.”
لە بەرامبەر ئەو کارەدا، پیاوەکە دەڵێت؛ “من بەو دکتۆرەم گووتووە داوای یاساییت لەسەر تۆمار دەکەم، چونکە دزیت لە من کردووە، بەڵام دکتۆرەکە پێم دەڵێت، من ئازادم و ڕێگەپێدراوم لە کاتی نەشتەرگەری هەر ئەندامێکی جەستەی نەخۆش دەربهێنم.”
لە ڤیدیۆیەک کە ئەو پیاوە داویەتی بە میدیاکان؛ گفتووگۆ لەگەڵ دکتۆر دەکات و دکتۆرەکە پێی دەڵێت؛ “تۆ 23 ساڵە ئیشت بەو گونە نییە” پیاوەکەش لە بەرامبەردا پێی دەڵێت؛ “تۆ چووزانی کارم پێی نییە، من ڕەنگە هاوسەرگیری بکەم.”
پیاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد؛ “ئەو دکتۆرە داوای لێ کردووم، گەر تۆ واز لەو بابەتە بهێنێت دە ئەوەندەی ئەو بڕە پارەیەت پێ دەدەمەوە کە لە نەشتەرگەرییەکە خەرجتکردووە”، بەڵام پیاوەکە لەبەرامبەردا دەڵێت؛ من لە مافی خۆم خۆشنابم، چونکە ئەو دکتۆرە دزی لێم کردووە.

