لە هەفتەی ڕابردووەوە جیاوازییەکی بەرچاو لە نرخی نێوان 100دۆلاری سپی، شین و 50 دۆلاری لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەدیار کەوتووە و بڕیارە لەمەودوا بۆ هەر دەفتەر دۆلارێک 28% پێکبێت لە دۆلاری سپی %2ی 50 دۆلاری بێت.
کێشەی دۆلاری سپی چییە؟
دۆلاری سپی بەو جۆرە سەد دۆلارییانە دەگوترێت کە لە ساڵی 1996 تاوەکو 2006 چاپ کراون و دوای 2006 چاپی نوێی 100دۆلاری کەوتۆتە بازاڕ کە بە دۆلاری شین ناسراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی داڵ میدیا، تەنانەت لە ئەمریکا و لە وڵاتانی ئەوروپی جیاوازی لە نێوان ئەم دوو جۆرە 100دۆلارییە ناکرێت، بەڵکو لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەم جیاوازییە بەدی دەکرێت و دۆلاری سپی بە نرخێکی کەمتر ئاڵوگۆڕی پێ دەکرێت، یان لە بانک و شوێنە بازرگانییەکان وەرناگیرێت.
بەدیاریکراوی لە هەفتەی ڕابردووەوە کێشەی دۆلاری سپی و شین لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بەدیار کەوتووە، بەجۆرێک بۆ هەر 100دۆلاری سپی لەکاتی ئاڵوگۆڕ لەگەڵ دیناری عێراقی لە نێوان [1000 بۆ 2000 دینار] هەرزانتر لە دۆلاری شین مامەڵەی پێ دەکرا.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوو بڕیارێکی تایبەتی بە ئاڵوگۆری جۆرەکانی دۆلاری ئەمریکی دەرکرد، بڕیارەکە بەو جۆرەیە؛ لە هەر 10 هەزار دۆلارێکدا 70%ی سەد دۆلاری شین و 28%ی سەد دۆلاری سپی، تەنها 200 دۆلار کە دەکاتە 2%، پەنجا دۆلاری دەبێت.
بەهۆی کارنەکردن بەم بڕیارە لە بازاڕەکانی دراو لە هەولێر، گرفتی وەرنەگرتنی دۆلاری سپی سەریهەڵدا و نرخەکەی دابەزی، بەڵام سیامەند مەولوود، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی دراوی هەولێر ڕایگەیاند؛ لەمەودوا ئێمەش وەک شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پابەند دەبین بەم بڕیارە تاوەکو کێشەکانی دۆلاری سپی و شین چارەسەربێت.

