چیڕۆکی ئەو منداڵەی خۆشەویستی بۆ پاسکیلەکەی گەیاندی بە مەرگ

ئەیوب عومەر ئەو منداڵەی بە پاسکیلەکەیەوە کەوتە ناو چەمی گازینۆی کەلار و گیانی لەدەستدا.

ڕۆژی چوارشەممە 10-12-2025 ئەیوب عومەری 12 ساڵان کە دانیشتووی شاری کەلارە، بە خۆی و پاسکیلەکەیەوە دەچێتە دەرەوە و یاری دەکات، لە ناکاو پاسکیلەکەی لێ ون دەبێت و بە گوێرەی قسەی شایەد حاڵێکی ڕووداوەکە؛ ئەیوب لە کاتی گەڕان بۆ پاسکیلەکەی کە وەک ڕەفیق و هاوڕێی ڕێگای داینابوو، دەکەوێتە ناو یەکێک لە مەنهۆڵەکان و کاتژمێر 10ی شەوی هەمان ڕۆژ دوای گەڕانێکی زۆر تەرمەکەی دۆزرایەوە.

عومەر رەحیم باوکی ئەیوب عومەر دەڵێت: “کوڕەکەم نانی نیوەڕۆی لە ماڵەوە خواردبوو” بێ ئاگا لەوەی کە ئەمە دواين خواردنیان بووە پێکەوە. ئەیوب تاقانەی دوو خوشکەو و خۆشەویستی ماڵەکە بووە.

یەکەم کەس کە تەرمی “ئەیوب عومەر”ی جوانە مەرگی دۆزییەوە گوتی: “ خێرایی ئاوەکە زۆر بە هێز بووە تەرمی منداڵەکە لە کۆتا خاڵی ئاوەکە گیر ببوو.” هەروەها گوتیشی: “لە کاتژمێر 4ی ئێوارەوە کەوتە ناو ئاو لە کاتژمێر 10:15 تەرمەکەمان دۆزییەوە.”

ئالان ئەو گەنجەیە کە لەگەڵ چوار کەسی دیکە لە دراوسێ و ناسیاوی خێزانی ئەیوب تەرمەکەیان دۆزیەوە، ئەو خۆبەخشە باس لە کاتی دەرهێنانی تەرمی منداڵە 12 ساڵانەکە دەکات و دەڵێت؛ “خێرایی ئاوەکە زۆر بە هێز بوو و تەرمی منداڵەکە لە کۆتا خاڵی ئاوەکە گیر بووبوو” و “جەستەی بەهۆی بەهێزی ئاوەکە شین و مۆر بووبوو، بەڵام برین بە هیچ شوێنێکی جەستەیەوە نەبوو.”

هەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئەو منداڵەی کە باوکی بە “پەپولەی بەهەشت” ناوی دەنێت لە کەلار بە خاکسپێردرا، بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی پرسەکەی بەرێوەبچێت.