سالم جاسم
شەڕی ناوخۆ ئەو ئەزموونە شکستخواردووەی کە هەمووان لێی پەشیمان بوون، ئەگەرچی لوولەی تفەنگەکانی سارد کرانەوە و ڕاگیرا، بەڵام ئەو شەڕە ئەمڕۆ بە فۆڕمێکی جیاوازتر بەردەوامیی هەیە. ئەمڕۆ لە جیاتی تفەنگ، مایک چەکە. لە جیاتی فیشەک، هەواڵی چەواشەکراو تەقەمەنییە. میدیای کوردی بووەتە مەیدانی نوێی ئەو شەڕە کۆنە، کاتێک هەر لایەنێک میدیاکانی خۆی بەکاردێنێت بۆ هێرشکردنە سەر لایەنی بەرامبەر، کاتێک هەموو ڕووداوێک ئاراستەکەی دەگۆڕدرێت و بە لاڕێدا دەبردرێت، کاتێک ڕاستی دەبێتە قوربانی بۆ بەرژەوەندی حیزبی، بێگومان ئێمە دووبارە لە شەڕداین، ئەگەرچی لەم شەڕەدا برینەکان نابینرێن، بەڵام ئەمجارە قووڵترن.
تێکدانی کۆمەڵایەتی؛
خراپترین دەرئەنجامی شەڕی ناوخۆ، دروستکردنی هەستی دابەشبوونی کۆمەڵگە بوو لەلایەن تاک. ئەمڕۆ میدیای کوردی بەردەوامە لە قوڵترکردنەوەی ئەو هەستە. کاتێک ڕووداوێک ڕوودەدات، دوو ئاراستەی پێچەوانە و دژبەر لەلایەن میدیاوە دروست دەکرێت و بەرژەوەندییەکانیان بەسەر ئیتیک و پرەنسیپی میدیاییدا زاڵ دەبێت و ڕاستی چەواشە دەکرێت. میدیای کوردی ململانێ سیاسییەکان لە ڕووداوەکاندا شۆڕ دەکاتەوە بۆ نێو خێزان و زۆرجار کێشەی کۆمەڵایەتیی لێ دەکەوێتەوە و خەڵکی بەرهەڵستی یەکتری دەکەن؛ یەکێکیان دەڵێت “کەناڵی ئێمە وتی ئەو لایەنە تاوانبارە”، ئەویتریان دەڵێت “نەخێر، کەناڵی ئێمە ئەسڵی ڕووداوەکەی نیشاندا”. بێگومان ئەم دابەشبوونە تەنها لە سیاسەتدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەگاتە قووڵایی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و پەیوەندییەکان تێکدەدات، بەمجۆرەش لەنێو کۆمەڵگەدا هەزاران زۆنی پێکەوە نەلکاو دروستدەکات کە هەریەکەیان باوەڕیان وایە ڕاستی لەلایان خۆیانەوەیە.
لەدەستدانی متمانە؛
پێش هەمووان خودی میدیاکان سەنگ و متمانەی خۆیان لەدەست دەدەن. کاتێک خەڵک دەبینن کە میدیاکان خەریکی چەواشەکارین و ڕاستیی ڕووداوەکان بەپێی بەرژەوەندیی حیزبەکانیان دادەتاشن، ئیدی ناتوانن متمانەیان پێ بکەنەوە تەنانەت بەخودی میدیای خۆشیانەوە، چونکە پێشتر چەواشەکارییان لێ بینیووە. ئەگەر سەرنج بدەین خەریکە تاکی کورد لە میدیای کوردی بێ هیوا دەبێت و چیدی وەک دەسەڵاتی چوارەم نایبینێت، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای حیزبەکانیان دەبیندرێن.
تێکدانی نەوەی داهاتوو؛
کاتێک نەوەی داهاتوو بەدیار ئەم میدیایانەوە گەورە دەبێت، فێری ڕق دەبێت نەک فێری لێکۆڵینەوە. فێری ڕەتکردنەوەی لایەنی بەرامبەر دەبێت نەک فێری گوێگرتن. فێری ئەوە دەبێت کە حیزبەکەی لە هەموو شتێک گرنگترە، تەنانەت لە ڕاستی. کاتێک منداڵێک ساڵانێک بینەری توندوتیژی وشەیی دەبێت، کاتێک دەبینێت باوکی یان دایکی هەمیشە هەموو هەنگاوی لایەنێکی پێ ڕاستە و لایەنێکی دیکەش هەڵە، ئەو منداڵە چۆن دەتوانێت لە داهاتوودا جیاوازییەکان قبوڵ بکات و بەهایان پێبدات؟ بەپێچەوانەوە نەوەیەک بەرهەمدەهێنین کە بریندار کراوە بە گومان، بە ڕق و بە دابەشبوون.
لاوازبوونی دەسەڵات؛
کاتێک لایەنە سیاسییەکان هەموو وزەیان تەرخان دەکەن بۆ شەڕی میدیایی، کات و توانایان نامێنێت بۆ کارکردن لەسەر کێشەی ڕاستەقینەی خەڵک. لە جیاتی چارەسەری بێکاری، باس لە گەندەڵی لایەنی بەرامبەر دەکەن. لە جیاتی باشترکردنی خزمەتگوزاری، هەوڵ دەدەن وێنەی لایەنی تر خراپ نیشان بدەن. لەو ڕووداوانەی کە بەم دوایییانە لە هەرێم ڕوویاندا، بەهۆی چەواشەکاریی میدیاوە ئەرکی دەسەڵات لە چارەسەریی کێشەکان و جێبەجێکردنی یاسا قورستر ببوو.
دواکەوتن؛
لە جیهاندا پێشکەوتنەکانی میدیا بۆ خزمەتی کۆمەڵگە و گەیاندنی دەنگی خەڵکن، لێرە ئەگەرچی ئامراز و پێداویستیی میدیا پێشکەوتووە، بەڵام بیر و ئەدای کارکردن هێشتا لەنێو شەڕی ناوخۆ بەجێماوە. وێڕای ئەوەی مانگانە ملیۆنان دۆلار بۆ میدیای کوردی خەرج دەکرێت، کەچی میدیا لە پاشەکشەدایە، ڕۆژانە بە دەگمەن ڕاپۆرت و هەواڵێکی زانیاری و بنکۆڵکاری دەبینین، بەڵام سەدان هەواڵی چەواشەکراو و ڕاپۆرتی بێ بنەما دەبینین، بنەمای کارکردن لە میدیا کۆمەڵێک داواکاریی دوور لە پرەنسیپە میدیایییەکانن نەک لێهاتوویی، ئایا ئەمە دواکەوتنی میدیا نەبێت چییە؟
کۆتایی؛
ئەو شەڕە میدیایییەی ئێستا هەیە لە کوردستان، درێژەپێدەری شەڕی ناوخۆیە، بەڵام بە شێوەیەکی خەتەرناکتر. برینی گوللە لەبەرچاو بوو و دەتوانرا چارەسەر بکرێت، بەڵام وشەی ڕق برینی دڵ و مێشکە. ئەم برینانە ناچن و دەگوازرێنەوە بۆ نەوەی داهاتوو، نەوەیەک کە هەستی نیشتمانیی لەلا لاواز دەبێت و گرنگی بە بەرژەوەندیی گەلەکەمان نادات و بەچاوی دوژمن بەشێکی خەڵکی کوردستان دەبینێت. دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە؛ ڕاستی لە بردنەوە، کوردایەتی لە حیزبایەتی و داهاتووی منداڵەکانمان لە شەڕی ئەمڕۆ گرنگترن.