ئەمڕۆ شەپۆلێکی باران بارین ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد و شارەزایەکی کەشناسیش هۆشداری لە بەرزبوونەوی ئاستی ئاو دەدات و دەڵێت “چەند ناوچەیەک مەترسی دروستبوونی لافاویان لەسەرە.”
شاڵاو هیدایەت، شارەزای بواری کەشناسی دەربارەی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردووە ڕایگەیاند؛ ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمی 2025، شەپۆلە بەهێزەکەی بارانبارین دەگاتە هەرێمی کوردستان و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە. شەپۆلەکە تاوەکو ناوەڕاستی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی زۆر دەبارێت.
دەربارەی دروستبوونی لافاو، ئەو کەشناسە ئاشکرای دەکات؛ چەقی بەهێزی باران بارینەکە لە ڕۆژی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە دەبێت و ئەگەری هەورەبروسکە و بارانی بەخوڕ هەیە هەروەها مەترسی دروستبوونی لافاوش هەیە بەتایبەت لە چەم و ئەو شوێنانەی نزمن.
شاڵاو هیدایەت وتیشی: ئەم شەپۆڵە بەهێزەی بارانبارین لە هەردوو دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور سەرچاوە دەگرێت، کە ئەمەش وادەکات بارانبارینەکە کاریگەری زیاتر بیت، بەتایبەت لە کاتەکانی ئیوارەوە بۆ شەو بە شێوەیەکی فراوان زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و بە پێی جی ئێف سی [GFS] ئەمریکی لە هەندێک ناوچە پێشبینی بارینی سەروو 300 ملم باران دەکرێت.
بەگوێرەی قسەکانی شاڵاو هیدایەت، ئەمە یەکەم شەپۆلی بەهێزی بارانبارین دەبێت لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو.