گەنجێکی سنووری پارێزگای هەولێر بەهۆی نەشتەرگەرییەکی هەڵە چاوی ڕاستی لەدەست دا.
هاووڵاتییەک بە ناوی [شێرکۆ کۆردە] کە نیشتەجێی شاری هەولێرە و تەمەنی 28 ساڵە، بە مەبەستی ئەنجامدانی نەشتەرگەری جیوبی لووت سەردانی نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە شاری هەولێر دەکات، بەڵام بە هەڵە لەلایەن پزیشکەکەوە دەماری چاوی ڕاستی دەبڕدرێت.
دوای نەشتەرگەرییەکە، لە مانگی ڕابردووی تشرینی دووەم ئەو گەنجە هەستی بە سڕبوونی لای ڕاستی ڕووخساری کردووە و پاش ئەوە، بەپەلە خۆی دەگەیێنێتە شاری تاران لە وڵاتی ئێران، لەوێ پزیشکەکان ڕاستییەکەی بۆ ئاشکرا دەکەن و پێی دەڵێن کە لە ڕێگەی نەشتەرگەرییەکی هەڵەوە دەماری چاوی ڕاستەی بڕدراوە.
داڵ میدیا زانیوویەتی، شێرکۆ کۆردە هەر لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ کوردستان، ڕاستەوخۆ لە وەزارەتی تەندروستی و دەستەی مافی مرۆڤ سکاڵا لەسەر پزیشکەکە تۆمار دەکات. لە وەڵامی داواکاریەکەشیدا دەستەی مافی مرۆڤ پێی ڕاگەیاندووە؛ بە هیچ شێوەیەک ناهێڵین مافی بفەوتێت.

