کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێل، بە قیستی پێنج ساڵ و پێشەکی پێنج ملیۆن دینار ئۆتۆمبێل دەداتە مامۆستایان، بەڵام مەرجە مووچەکەیان لەسەر “هەژماری من” بێت.
ڕۆژی شەممە 30-11-2025 مامۆستا ئاودێر مربین حنا، ئەندامی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ڕایگەیاند: کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی جیلی [GEELY] ئۆفەرێکیان داناوە بۆ مامۆستایانی هەرێمی کوردستان کە کارتی “هەژماری من”یان هەیە بەتایبەت ئەو هەژمارانەی لەسەر بانکی جیهانە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەو مامۆستایانەی کارتی بانکیان هەیە دەتوانن ئۆتۆمبێل بە قست ڕابکێشن بەپێی ئەو مەرجانەی کۆمپانیایەکە دایناوە، وە داشکاندنیش بۆ مامۆستایان بە ڕێژەی 8% کراوە و ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیش بە خۆڕاییە.
مامۆستا ئاودێر ئەوەشی خستەڕوو: داشکاندن بە بڕی 400 هەزار دینار بۆ ئەو مامۆستایانە کراوە کە لە بانکی جیهان مووچەکانیان وەردەگرن، وە سەرجەم مامۆستایانی گرێبەستیش دەتوانن لێی سوودمەندبن.
پێشەکی ئۆتۆمبێلەکان، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک پێنج ملیۆن دینارە و قیستی مانگانە 340 هەزار دینار دەبێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ.
دەربارەی جۆری ئۆتۆمبێل، مامۆستایان دەتوانن دوو جۆر ئۆتۆمبێل بە قیست وەربگرن، ئەوانیش [Geely gx3pro] و [Geely coolray]ی مۆدێل 2025. هاوکات لەگەڵ وەرگرتنی ئۆتۆمبێلەکان، دەتوانن بە ناوی خۆیانەوە بکەن.
مەرجەکان چیین؟
- پێویست بە دوو کەفیل دەکات، کە یەکێکیان لە کەرتی حکومی و ئەوەی دیکەیان لە کەرتی تایبەت بێت.
- پشتگیری یەکێتی مامۆستایانی کوردستانی پێویستە.