کچە گۆرانیبێژێکی کورد دەستگیرکرا 

ئەسمەر حەمیدی، هونەرمەند و گۆرانیبێژی گەنجی کورد و خەڵکی شاری مانە سەمەلقانی سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ڕۆژی یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025 ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند؛ ڕۆژی ‏2025‏-11‏-29 هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەسمەر حەمیدی، چالاکوانی فەرهەنگی، گۆرانیبێژ و هونەرمەندی گەنج و دەستبەسەریان کردووە.

هەنگاو باس لەوەش دەکات؛ بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەم هونەرمەندە گەنجە پاش دەستبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و لاپەڕەی ئینستاگرامەکەشی لەلایەن ناوەندەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بلۆک کراوە.

ئەسمەر حەمیدی، کچە گۆرانیبێژ و چالاکوانی کورد، پێشتریش بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانی، بەشداری لە بەرنامەکانی فەرهەنگی و دەرخستنی ڕوانگەی ڕخنەگرانەی خۆی، لە لایەن ناوەندەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگ کرابوو.