لە پارێزگای دیوانییە پۆلیس پیاوێکیان دەستگیرکردووە کە هاوژینەکەی کوشتووە و دوای کوشتنەکەشی بە مەبەستی شێواندنی ڕاستییەکان سکاڵای ونبوونی لەسەر تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025 لیوا نەجاح مەحموود سوڵتان، بەڕێوەبەری پۆلیسی دیوانییە ڕایگەیاند؛ دوای ئەوەی پیاوێک سکاڵای لەبارەی ونبوونی هاوژینەکەی تۆمارکرد، تیمێکی لێکۆڵینەوەمان پێکهێنا و دوای 13 رۆژ لە چاودێری و کۆکردنەوەی زانیاری، گومانمان لە هاوژینەکەی بۆ دروستبوو.
بەڕێوەبەری پۆلیسی دیوانییە ئەوەشی ڕاگەیاند؛ پاش ئەوەی کە گومانمان دروست بوو لەسەر هاوژینەکەی و سەیرکردنی لێکۆڵینەوە و بەڵگەکان، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا نا و گوتی؛ بەهۆی کێشەی خێزانییەوە هاوژینەکەی کوشتووە.
ژنە کوژراوەکە تەمەنی 40 ساڵ بووە و دایکی 6 منداڵ بووە، هاوژینەکەی بە فێڵی چارەسەرکردنی کێشە خێزانییەکانیان بردوویەتییە شوێنێکی دوور و پاشان بە دەمانچە کوشتوویەتی.

