ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، ئاشکرای دەکات؛ کۆمەڵێک گروپی چەکدار کە لە ناوخۆی عێراق کاردەکەن، ئەنجامدەری ئەو هێرشەن کە لە درەنگانی شەوی 26ی نۆڤەمبەر کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و بەهۆیەوە کارەبای 80%ی هەرێمی کوردستان پەکی کەوت.
ڕۆژی پێنجشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2025 ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، کە ڕۆژنامەیەکی ئەمریکییە، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ئەو گروپە چەکدارانەی لە ناوخۆی عێراقدا کاردەکەن و لە ڕووی سیاسییەوە پەیوەندییان بە وڵاتێکی دراوسێیەوە هەیە، ئەنجامدەرى هێرشەکەى سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بوون لە هەرێمی کوردستان.
نیویۆرک تایمز ئەوەشی ڕاگەیاند؛ “بەشێوەیەکی تایبەت، بەرپرسانی عێراق و کوردستان، گروپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق کە هاوپەیمانن لەگەڵ ئێرانی دراوسێدا، بە ئەنجامدەری هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەزانن.” ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر ئەو گروپە میلیشیایانە تۆمەتبار کرابوون بە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و دەتوانن کوردستان کە پەیوەندییەکی نزیکی ئابووری و دیپلۆماسی لەگەڵ واشنتۆن هەیە، وەک ئامانجێکی نزیک سەیربکەن.
ڕۆژنامەکە ئاماژە بەوەش دەکات، بەرپرسان جەختیان لەوە کردووەتەوە، ئەم گروپانە نیگەرانن لە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان واشنتۆن و هەولێر و بە مەترسى بۆ سەر خۆیان دەزانن، بۆیە هێرشى دەکەنە سەر.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز باس لەوەش دەکات؛ گرژییە سیاسییەکانی نێوان بەغداد و هەولێر بەتایبەتی ناکۆکی لەسەر سەرچاوەکان و داهاتی نەوت و گاز، ڕەنگە هۆکارێکی تر بن لە پشت ئەم جۆرە هێرشانەوە.
نیویۆرک تایمز ئاشکرایکردووە، پێشتر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوای سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان لە ئەمریکا و بەریتانیا کردبوو بۆ پاراستنی ژێرخانی ئابووری، بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕەزامەندی حکومەتی فیدراڵی لە بەغداد، کە دەسەڵاتی کۆتایی بەسەر هەر کڕینێکی چەکدا هەیە، داواکارییەکە ڕەتکرایەوە.
ڕۆژنامەکە دووپاتی کردەوە، ئەمریکا تادێت فشار دەخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ چەکداماڵینی ئەو گروپانە، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە بەهۆى کورسی پەرلەمانی و نفوزی دامەزراوەیییان لەناو سیستمی سیاسی عێراقدا، لەڕادەبەدەر قورسە.