کامیار دێرانەیی
کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ و لە چوارچێوەی پڕۆژەی غازی کوردستان دامەزراوە، شانبەشانی کێڵگەی چەمچەماڵ نزیکەی دوو دەیەیە غازی سروشتی بۆ هەرێمی کوردستان دابین دەکات. چیرۆکی کۆرمۆر لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە هەردوو کۆمپانیای [دانا غاز] و [کرێسێنت پترۆلیۆم] ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ هەڵسەنگاندن، پەرەپێدان، چارەسەرکردن و فرۆشتنی غازی ئەو کێڵگانە. دواتر بە دامەزراندنی کۆنسۆرسیۆمی [پیرڵ پترۆلیۆم] بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەورووپییەکانی [OMV, MOL, RWE]، پێگەی کۆرمۆر وەک هێزێکی کاریگەر و شارەزا لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەهێزتر بوو.
هەر لە سەرەتاوە کۆرمۆر ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد؛ لە ماوەی تەنها ١٥ مانگدا، کێڵگەکە دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، بەمەش زیاتر لە ٢٠٠٠ مێگاوات کارەبای دابین کرد. جگە لە غازی سروشتی، ئەم کێڵگەیە غازی شل [NGL] و غازی ماڵان [LPG] بەرهەم دەهێنێت، کە پشتیوانی لە پێداویستیی ماڵان و کەرتی پیشەسازی و بازرگانیی ناوخۆ دەکات. بە درێژایی ساڵان فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنان زیادی کردووە؛ لە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن پێی سێجا لە ڕۆژێکدا [لە ساڵانی سەرەتادا] بۆ زیاتر لە ٥٢٥ ملیۆن پێی سێجا تا مانگی ئازاری ٢٠٢٥، کە دەکاتە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ زیاتر لە ٧٥٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان.
درەنگانێکی شەوی ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، کێڵگەی کۆرمۆر ڕووبەڕووی هێرشێکی درۆنی بووەوە. درۆنەکە یەکێک لە کۆگا سەرەکییەکانی هەڵگرتنی غازی کردە ئامانج، هەرچەندە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە، بەڵام ئاگر لە کۆگاکە بەربوو و وێستگەی چارەسەرکردنی غازەکە بە تەواوەتی لەکار کەوت، ئەمەش بووە هۆی ڕاگرتنی کارەکانی کێڵگەکە. لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، پچڕانی بەرفراوانی کارەبا سەرانسەری هەرێمی کوردستانی گرتەوە. هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ هێرشەکەیان ئیدانە کرد و بە کردەوەیەکی بە ئەنقەست بۆ سەر ژێرخانی گرنگی وزەی کوردستان وەسفیان کرد. خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانە ماددییەکان مەترسییان لەسەر دابینکردنی کارەبا بۆ چەند ڕۆژێک یان تەنانەت چەند هەفتەیەک دروست کردووە.
کۆرمۆر گەورەترین دابینکەری غازی سروشتییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوچەکەدا. تۆڕی بۆرییەکانی بە درێژایی نزیکەی ١٨٠ کم، کێڵگەکە بە وێستگە گەورەکانی کارەبای هەولێر، چەمچەماڵ و بازیانەوە دەبەستێتەوە. ئەم کێڵگەیە بە تەنها سووتەمەنی بۆ زیاتر لە ٧٥٪ی پێداویستییەکانی کارەبای هەرێم، ڕووناکی ماڵەکان، بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و کەرتی بازرگانی دابین دەکات.
هەروەها ئەو غازەی لە کۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت جێگەی گازواییلی گرتووەتەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، بەمەش ملیۆنان دۆلار لە تێچووی سووتەمەنی گەڕاندووەتەوە و دەردانی غازە زیانبەخشەکانی کەمکردووەتەوە [بە مەزەندەی ٤٢ ملیۆن تۆن CO2]. زۆربەی کارەکانی کێڵگەکە لەلایەن دەستی کاری ناوخۆییەوە بەڕێوە دەبرێن، کە هەزاران هەلی کاری ڕەخساندووە و بووەتە هۆی بوژانەوەی ئابووری، هاوکات لە ڕێگەی بەرنامەکانی وزە، تەندروستی، پەروەردە و ژێرخانەوە بەشداری ڕاستەوخۆ لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکاندا دەکەن.
لەم بارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند: “٨٠٪ی بەرهەمی کارەبای هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی غازەوە دابین دەکرێت. بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەکان وەستاوە و کوژانەوەی گشتی [Blackout] ڕوویداوە”. بەهۆی هێرشەکەوە بەرهەمهێنانی کارەبا لە ٤٠٠٠ مێگاواتەوە بۆ ١٠٠٠ مێگاوات دابەزیوە و پێدانی کارەبا لە ٢٤ کاتژمێرەوە بۆ تەنها ٥ کاتژمێر کەم بووەتەوە.
دەرئەنجامەکانی هێرشەکە خۆی لە داخستنی کۆرمۆر، کەمیی کارەبا، فشاری ئابووری و پاشەکشەی ژینگەیی دەبینێتەوە. دەستپێکردنەوەی کارەکان پێویستی بە پشکنینی ورد، چاککردنەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەلامەتی دەبێت؛ پڕۆسەیەک کە ناکرێت بەبێ ڕەچاوکردنی مەترسییەکان پەلەی تێدا بکرێت.
سەرەڕای ئەو دۆخە سەختەی بەهۆی هێرشی درۆنەکانەوە هاتووەتە ئاراوە، کوردستان خاوەنی زانیاری، سەرچاوە و ئیرادەیە بۆ وەرگرتنەوە، ئاوەدانکردنەوە و بەهێزکردنی ژێرخانی وزەی خۆی. ڕۆحی گەلی کورد نالەرزێت و ڕووناکی پێشکەوتن بە ئیرادە و خۆڕاگری و یەکگرتوویی دیسانەوە دەدرەوشێتەوە.
خوای گەورە کورد و کوردستان بپارێزێت.

