عەلی حەمە ساڵح دەربارەی هێرشەکەی کێڵگەی کۆرمۆر هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، “هێرشی کۆرمۆر، تیرۆرستی و تاوانکاریە.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لە پۆستێکی فەیسبووکدا ڕایگەیاند؛ “لە ئەمڕۆوە پێویستە نوسراو بۆ حوکمەتی عێراقی بکرێت، بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی بۆ دانانی سیستمی بەرگری لە کێڵگەی کۆرمۆر.”
عەلی حەمە ساڵح ئەوەشی ڕاگەیاند: لە ئێستادا جگە لە هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی [1700] مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەدرێتە شارەکانی دیکەی عێراق.
سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست باس لەوەش دەکات، ڕەنگە هێرشی زیاتر بۆ سەر کۆرمۆر بکرێت و دەڵێت؛ “ بڕیارە لە ساڵی ئایندەدا بەرهەمی غازی کۆرمۆر بەڕێژەی 50% زیادبکات و کاریگەری لەسەر زیادبوونی نزیکەی [2000] مێگاوات کارەبای دیکە دەبێت؛ بۆیە دوور نییە بە ئامانجگرتن زیاتر ڕووبدات.”
کاتژمێر 11:30ی خولەکی شەوی ڕابردوو 2025-11-26 بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆیەوە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە بە تەواوەتی گڕی گرت و بەردەام بوو لە سووتان تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆنتڕۆڵکرا. دەرئەنجامی ئەم هێرشە درۆنییە، کارەبای بەشێک لە گەڕەکەکانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و قەزا و ناحیەکان پچڕا.
دەربارەی دۆخی کارەبا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کارەبا لە 80% کەمی کردووە و توانای پێدانی کارەبا لە 24 کاتژمێرەوە بۆتە تەنها 4 بۆ 5 کاتژمێر.