شێخ وەسان: لە کیمیابارانەوە بۆ وزەی پاک

سالم جاسم

ئەگەر گەشتێک بەنێو گوندەکانی کوردستان بکەین، بەتایبەت ئەوانەی کە دوورن لە شار و لە ناوچە شاخاوییەکانن، جگە لە خانووی داڕووخاو و ماڵی چۆڵ، هیچی دیکەمان بەرچاو ناکەوێت، کەچی لەکاتێکدا ئەو گوندانە جاران پڕبوون لە خەڵک و سەرچاوەی بژێویی ژیان بوون لە کوردستان. ئەو گوندانە باجی شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازی کوردیان داوە، لە کیمیاباران و سووتاندنیانەوە بگرە تا ڕاگواستنی خەڵکەکەی لە زێدی خۆیان. بەڵام ئەمڕۆ کە بەم شێوەیە چاوت پێیان دەکەوێتەوە، هێشتان برین و ئازارەکانی گەلەکەمان بەسەر ئەو گوند و ناوچانەوە ماون، دوای دەیان ساڵ لە حکومڕانی هێشتا نەمانتوانیوە ئەو برینانە بسڕینەوە. درکمان بەوە نەکردووە کە دوژمنانی ئێمە بۆچی ئەو زەبرەیان لە سروشت و گوندەکانمانی داوە، هەڵبەتە وێڕای بێ ئاگایی، ئێمە نرخی گوندەکانمان نەزانی.

لەدوای ئازادی و نەمانی ڕژێم، ئێمە چاومان کردە شار و سروشتی جوانی گوند و بەرهەمداریی و گرنگییەکەیمان پێ نەزانی. ڕوومان کردە شار و بووین بە مووچە خۆری حکومەت و بەرهەمی خۆماڵیمان پشتگوێ خست و پشتمان بە هاوردەکراو بەست. فەرهاد پیرباڵ لە کتێبی (چیم نەدی) لەم بارەیەوە زۆر جوان دەڵێت: “هەموومان ڕەسەنی خۆمان و گوندەکانی خۆمان فەرامۆش کردووە و پشتمان تێکردوون! نەدیتکۆکە نەدیتکۆکە هاتووینەتە شار و وا دەزانین تەنیا شار وڵاتمانە، وا دەزانین تەنیا لەناو شارەکاندا دەتواندرێ ((مەدەنیەت)) بینا بکرێ: ئەسڵی خۆمان و گوندەکانی خۆمان و سروشتی جوانی خۆشمان پشتگوێ خستووە”. پیرباڵ دەست دەخاتە سەر برینێک و بەبیرمان دەهێنێتەوە کە چەند هەڵەبووین کاتێک لە گوندەوە ڕامانکردە شار و بووینە فەرمانبەر و چەکداری حکومەت بۆ مووچەیەکی مانگانە و سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی گوندمان بە نادیدە گرتن.

ڕووکردنە شار و پشتبەستن بە مووچەی مانگانە و پشتگوێخستنی بەرهەمی نێوخۆیی، زەبرێکی زۆری لە ئابووری کوردستان داوە و ژیانی خەڵکی لە ڕووی ئابوورییەوە سەخت کردووە. ڕەنگبێت بۆ قۆناغێک سەرچاوەیەکی بژێوی یاخود مووچە بەس بێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک، بەڵام ئەمڕۆ کە سەیر دەکەین دەبینین سەرچاوەی خەرجییەکان هێندە زۆربوون، مووچە و یەک داهات بەس نییە بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی ڕۆژانەمان. ئەمە لە لایەک و لەلایەکی دیکە سەرنجی شارەکان بدەن، چەند قەرەباڵغن، بێگومان ئەوانە لە داهاتوودا کێشەی گەورە بۆ تاکی کوردی دروست دەکەن. ئەم ڕووکردنەی شار دەرفەتی کاری کەم کردووە و ڕێژەی بێکاریی بەرزککردووەتەوە.

ئامارەکان باسی ئەوە دەکەن کە سەدان گوند لە هەرێم چۆڵکراون یان مەترسیی چۆڵبوونیان لەسەرە و نزیکەی حەفتا لە سەدی دانیشتووانی هەرێم ئێستا لە شارەکاندا دەژین. ئەمەش واتای ئەوەیە کە ڕەگ و ڕەسەنایەتییەکەمان لە مەترسیدایە و ئایندەی بەرهەمهێنانی خۆراکیشمان لە مەترسیی گەورەدایە. بە پشتگوێ خستنی گوند و سەرچاوە خۆماڵییەکانی، سەرنج بدەن ئێمە چەند زیانمان پێ گەیشتووە، دەیان نموونەی بەرهەمی خۆماڵیی کوردی هەن کە باشترینی ناوچەکەن، هەنگوین، ماست، گوێز، برنج و هەنار و هتد.. لە کاتێکدا ئەو بەرهەمە کوردییانە هەن بەڵام بەرهەمی هاوشێوە بە کواڵێتیی نزم هاوردە کراون، کەچی دەتوانرا نەک هاوردە نەکرێن، بەڵکو ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەی کوردی هەناردەی وڵاتان بکرێن. بێگومان ئەوەش بە پشتبەستن بە گوندەکان دەکرا.

ئەگەر بپرسین بۆچی خەڵک پشتی بە گوند نەبەست و ڕووی لە شار کرد، بێگومان وەڵامی پرسیارەکە بریتییە لەوەی کەوا لە گوندەکان خزمەتگوزاری وەک پێویست یاخود هەر نەبوون، لە کارەبا و ئاو و قوتابخانە و نەخۆشخانەوە بگرە تاکو سەرجەم خزمەتگوزارییەکان، ساغنەبوونەوەی بەرهەمی گوندنیشان هۆکارێکی دیکەبوو کە ژیانی خەڵکی لە گوند قورس کردبوو و چیتر پشتبەستن بە بەرهەمەکانی گوند نەدەبووە دابینکردنی بژێویی ژیان، بۆیە ناچار ڕوویان لە شار دەکرد بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان.

ئەم کۆچکردنەی گوندنشینان بۆ شار کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئابووری هەیە. لە ڕووی ئابوورییەوە، کاتێک گوندەکان چۆڵ دەبن، کێڵگەکان لە کاردەکەون و بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە پشتبەستنمان بە بەرهەمی دەرەکی زیاد دەبێت و ملیۆنان دۆلار ساڵانە بۆ هاوردەی خواردەمەنی و بەرهەمی کشتووکاڵی دەچێت. کەچی دەتوانرا ئەو پارەیە لەناو هەرێمدا بمێنێتەوە و بەکاربهێنرێت بۆ گەشەکردنی ئابووری ناوخۆیی و دروستکردنی هەلی کار. هەروەها، کاتێک پشتبەستنمان بە وڵاتانی دیکە بۆ دابینکردنی خۆراک زیاد دەبێت، سەربەخۆیی و ئاسایشی خۆراکیشمان لە مەترسیدا دەبێت.

گوندی شێخ وەسان لە دۆڵی باڵیسان، یەکێکە لەو گوندانەی کە چیڕۆکێکی تراژیدیی هەیە، ئەو گوندەی ساڵی 1987 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە خەڵکەکەی کیمیابارانکران و ئەوانەی مانەوە لەسەر زێدی خۆیان ڕاگوازران. هاوشێوەی هەر گوندێکی دیکە شێخ وەسان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوازرییەوە نەیتوانیوە هەستێتەوە، تاکو ئێستاش بەرکەوتەی کیمیایی لەو گوندەدا هەن ناتوانێت زیاتر لە دوو کاتژمێر بەبێ ئۆکسجینی دەستکرد بژیێت. سەرنج بدەن ژیان چەند قورس بووە و خەڵک چۆن ناچاربووە زێدی خۆی جێ بهێڵێت و بێتە شار.

ئەمڕۆ ئەو گوندە لەلایەن دەزگای روانگەوە سیستەمی سۆلار پانێل کە بە وزەی پاکی خۆر کارەبا بۆ سەرجەم خەڵکی گوندەکە بە یەکە خزمەتگوزارییەکانییەوە دابین دەکات. روانگە بەم هەنگاوە کار ئاسانیی کردووە بۆ ژیانکردن لەو گوندە، هاوکات ڕەخساندنی دەرفەتیشە بۆئەوەی دانیشتوانی گوند بتوانن بە پشت بەستن بە بەرهەمی خۆماڵی سەرچاوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن، کە بێ گومان ئەوانە دەبنە هۆکارگەڵێک کە خەڵکی گوند ئەوانەی ڕوویان لە شار کردووە بگەڕێنەوە گوند. گەڕاندنەوەی ژیان لە گوندەکان، بەهێزکردنی ئابووریی کوردستان و کەلتوورەکەیەتی، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی کەمیی دەرفەتی کار نامێنێت.

ئەم هەوڵەی روانگە لە خاڵێکەوە دەستپێدەکات کە پێویستە وەچەرخانی تێدا بکرێت، لە هەوڵەوە بکرێتە کەمپینێکی گشتگیری نیشتمانی، لە حکومەت و هاووڵاتییانەوە بگرە دەبێت هەمووان پاڵپشت و هاوکاری روانگەبن، ئەوانەی لە خەمی ئەو نیشتمان و وڵاتەدان، دەبێت مل بدەنە بەر بەرپرسیارییەتی و لە هەر لایەکەوە کار بکەین بۆ گەڕاندنەوەی ژیان لە گوندەکانی کوردستان و پاراستن و گەشەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەتوانین برینی خەڵک و گوندەکان ساڕێژ بکەین و بیانخەینە گەڕ بۆ بەرەوپێشبردنی کوردستان و بەهێزکردنی ئابوورییەکەی و پاراستنی بەرهەم و کەلتووری نەتەوەکەمان.

هاوبەشی کردن

شەرع و ئەزموونێکی دیکەی شکست

سالم جاسم ئەحمەد شەرع کە ڕۆژگارێک ئەندامی قاعیدە و داعش بووە و ئێستاش کە دەسەڵاتی سووریای بە دەستەوەیە، چۆن دەتوانێت ئاشتی و سەقامگیری بۆ ئێزیدی،...

پاراستنی هاوسەنگیی منداڵ لە نێوان تەندروستی و دیجیتاڵدا

سەفا ئەنوەر گەر سەردانی هەر ماڵێک بکەین کە منداڵی تێدابێت، گۆڕانێکی سەرنجڕاکێش دەبینین: جاران جێگای منداڵەکان لە نزیک پەنجەرەکانەوە بوو، چاویان لە جیهانی دەرەوە...

هاوسۆزیمان لەنێوان غەززە و چەمچەماڵ

سالم جاسم بۆچی دڵمان بۆ ئازاری دوور دەسووتێت، بەڵام بۆ برینی نزیک کوێر دەبێت؟ کاتێک غەززە وێران بوو، هەموومان هاوسۆز بووین. خەڵکی کوردستان بە هەستێکی...

لە تفەنگەوە بۆ مایک

سالم جاسم شەڕی ناوخۆ ئەو ئەزموونە شکستخواردووەی کە هەمووان لێی پەشیمان بوون، ئەگەرچی لوولەی تفەنگەکانی سارد کرانەوە و ڕاگیرا، بەڵام ئەو شەڕە ئەمڕۆ بە فۆڕمێکی...

دوو دەیە شکست، دەرفەتێک بۆ هەستانەوە

سالم جاسم دوو دەیە تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی سیستەمی سیاسیی عێراقی نوێ . لە سەرەتادا هەلێکی بێ وێنە هەبوو بۆ دروستکردنی عێراقێکی دیموکراسی و هاوسەنگ کە...

کێڵگەی غازی کۆرمۆر؛ دڵی وزەی کوردستان 

کامیار دێرانەیی کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کە لە ساڵی ٢٠٠٧ و لە چوارچێوەی پڕۆژەی غازی کوردستان دامەزراوە، شانبەشانی کێڵگەی چەمچەماڵ نزیکەی دوو دەیەیە غازی سروشتی بۆ...

هۆکار و چارەسەرییەکانی ناجێگیریی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان

ادریس ساڵح هەر لە کۆنەوە کشتوکاڵ وەک ستوونێکی گرنگی ئابووری و سەرچاوەی خۆراک لە هەموو جیهان دانراوە. لە کوردستاندا، سەرەڕای مێژوویەکی درێژ لە بواری کشتوکاڵدا،...

بۆچی ئۆجالان نامەکەی ئاراستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کرد؟

سالم جاسم دیپلۆماسیەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە جۆرێکە کە دەتوانێت هاوکێشە هەرێمییەکان بگۆڕێت. ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە دەزانێت کەوا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کاریگەریی لەسەر تورکیا هەیە...

هەرێمی کوردستان لە هەمبەر پێشهاتی نوێ

سەفا ئەنوەر جیهان بە گشتی و تایبەتتر ڕۆژهەڵاتی ناوین لە بەردەم گۆڕانکاریی سیاسی، سەربازی، ئابووری و جوگرافیدان. بێگومان هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لەم گۆڕانکاریانەدا، لە...

هەواڵی ناوخۆ