بە بەشداری ادریس نێچیرڤان بارزانی گوندی شێخ وەسان ڕووناکی 24 کاتژمێری پێبەخشرا

دەزگای روانگە بە بەشداری ادریس نێچیرڤان بارزانی، تەواوکردنی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بۆ گوندی شێخ وەسانی دەڤەری دۆڵی بالیسان ڕاگەیاند. 72 یەکەی نیشتەجێبوون و 281 هاووڵاتی سوودمەند دەبن لە پڕۆژەکە.

گوندی شێخ وەسان، سەر بە ناحیەی بالیسانی قەزای شەقڵاوەی پارێزگای هەولێرە، لە 16ی نیسانی 1987 لەلایەن ڕژێمی بەعس بە چەکی کیمیاوی [چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی] کیمیابارانکرا و بەهۆیەوە 211 هاووڵاتی لە ژن و منداڵ و پیاو شەهید و بریندارکران.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025 دەزگای روانگە بە بەشداری ادریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک و دامەزرێنەری دەزگاکە، تەواوبوونی پڕۆژەی گوندی وزەی پاکی لە گوندی شێخ وەسانانی دۆڵی بالیسان ڕاگەیاند و کارەبای تەواوی گوندەکە لە کارەبای نیشتمانییەوە گۆڕدرا بۆ وزەی خۆری 24 کاتژمێری.

پڕۆژەکە لە ڕێگەی سیستەمی سۆلەر پەناڵ وزەی خۆر دەگۆڕێت بۆ تەزووی کارەبا و بە 1,237 ئەمپێری 220 ڤۆڵتی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ 72یەکەی نیشتەجێبوون دابین دەکات. یەکە نیشتەجێبوونەکان پێکهاتوون لە 68 ماڵ لەگەڵ مزگەوت، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی و هۆڵی بۆنەکان.

حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە لە ڕێورەسمی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکە ڕایگەیاند؛ “ تاوەکو ئەمڕۆ چوار گوندی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای روانگە کارەباکەی گۆڕدراوە بۆ وزەی خۆر.”

حەسەن شێخ عەلائەدین ئەوەشی ڕاگەیاند، “لە ئەنجامی پڕۆژەی گوندی وزەی پاک لە گوندی شێخ وەسان، تا ئێستا چەندین ماڵ لە شارەوە گەڕاونەتەوە بۆ گوندکە.”پڕۆژەی گوندی وزەی پاک، یەکێکە لە پڕۆژەکانی دەزگای روانگە و تاوەکو ئێستا لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە چوار گوند لە هەرێمی کوردستان، تەواوی کارەباکەیان لە کارەبای نیشتمانییەوە گۆڕدراوە بۆ وزەی خۆری 24 کاتژمێری.