لە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، سێ ئەندامی یەک خێزان کە ژن و مێردێک و منداڵێکی پێنج ساڵان بە کوژراوی لە نێو ماڵەکەیان دۆزرانەو و شوێنەواری گوللە بە سەریانەوە هەیە.
شەو ڕابردوو، لە گەڕەکی تورگوت ئۆزالی شارۆچکەی “قۆسەر”ی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان ڕووداوێکی کوشتن لە نهۆمی دووەمی باڵەخانەی حاجی شێخموس جان لە شەقامی مێردین ڕوویدا.
دراوسێکانی بنەماڵە کوژراوەکە، هەواڵیان لە بنەماڵەکە بڕابوو و پاش ئەو ڕووداوە لەگەڵ موختاری گەڕەک دەرگەی ماڵەکەیان دەکەنەوە و دەچنە ژوورەوە.
دوای پشکنینی ماڵەکە، دەرکەوت سێ ئەندامی یەک خێزان کە پێکهاتبوون لە موحەممەد کایا ـی باوک [37 ساڵ]، بێرنا کایا ـی هاوژینی [33 ساڵ] و منداڵەکەیان سامیەلی کایا [5 ساڵ]، گوللە بە سەریانەوە نراوە.
لە پاش ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی تەندروستی و پۆلیس ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران. لە پشکنینەکاندا دەرکەوت هەر سێ کەسەکە گیانیان لەدەستداوە. پاشان تەرمەکان بۆ توێکاری ڕەوانەی دادپزیشکی کراون و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە.

