یەکێتیی زانایان: فێڵکردن لە خەڵکی بە ناوی بلاک فرایدەی حەرامە

دەربارەی بلاک فرایدەی، یەکێتی زانایانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ بلاک فرایدەی شتێکی ئاساییە، بەڵام هەر فێڵ و غەشێک ڕووبدات، ئەوە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە حەرامە.”

دکتۆر عەبدوڵا شێراکاوەیی، گوتەبێژی زانایانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2025 ڕایگەیاند؛ “لە بلاک فرایدەی و بە بازاڕکردنی کاڵا و شتومەک بە ئۆفەری تایبەت و داشکاندن لە نرخ، شتێکی ئاساییە ئەگەر بە شێوەیەکی یاسایی و کوالێتی و بێ فێڵ بکرێت.”

گوتەبێژی یەکێتی زانایانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، بەپێی ڕێسای فیقهی ئیسلامی، پێویستە کڕیار و فرۆشیار بە ڕاستگۆیی مامەڵە بکەن، وەسف و نرخی کاڵاکە دیار بێت، بەڵام هەر فێڵ و غەشێک ڕووبدات، ئەوە لە ڕوانگەی ئیسلامەوە رێگەپێدراو نییە.”

هاوکات عەبدوڵا شێرکاوەیی ئەوەشی ڕاگەیاند؛ “ئەوەی لە بلاک فرایدەی باس دەکرێت، ئەو داشکاندنەیە کڕیاران چاوەڕوانی دەکەن و ڕوو دەکەنە ئەو بازاڕە بۆ ئەوەی بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ دەستیان بکەوێت، بەڵام بەشێک لەوانەی شتەکانیان لە بلاک فرایدەی نمایش و بە بازاڕ دەکەن، داشکاندن ناکەن و فێڵ و درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن، واتە، ئەو نرخەی گوایە داشکاندنی بۆ کراوە ڕاست نییە و لە بازاڕ هەمان نرخە. ئەگەر وابێ ئەو کەسە گوناهبارە و درۆ و فێڵی کردووە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو فەرموودەیەیە کە پێغەمبەر موحەممەد (د.خ) دەفەرمووێت: (من غشنا فلیس منا).”

گوتەبێژی یەکێتی زانایانی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند، “ئەگەر کەسێک فێڵ لە خەڵک بکات و شتێک بە ناوی براند بفرۆشێت و ساختە بێت، یان فرت و فێڵ لە خودی کەل و پەل و کاڵاکە لەڕووی چەند و چۆنایەتی بکات بە ناوی بلاک فرایدەی، ئەوا مامەڵەکە دەچێتە چوارچێوەی حەرامەوە”.

بلاک فرایدەی یان “هەینیی رەش”، گەورەترین رۆژی بازاڕکردن و داشکاندنە لە جیهاندا، تێیدا کۆمپانیاکان، براندە جیهانییەکان و بازاڕەکانی ئۆنڵاین داشکاندنی گەورە بۆ کاڵاکانیان دەکەن، خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی ئەم رۆژە دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکانیان.