کەشناسی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ئێوارەی سبەی دووشەممەوە شەپۆلێکی باران و هەورە بروسکە ڕوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە کاریگەرییەکەی بەدیار دەکەوێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2025 دەستەی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی عێراق ڕایگەیاند؛ بەهۆی کاریگەریی درێژبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیەکی ناجێگیر لە چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا، لەم هەفتەیەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوا و عێراق دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە و لە سێشەممە و چوارشەممە کاریگەرییەکەی زیاتر بە دیار دەکەوێت.
کەشناسی عێراق باس لەوە دەکات، لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، هەورە کەڵەکەبووەکان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا دەست بە چڕبوونەوە دەکەن و پاشان بەرەو شارەکانی دیکە درێژ دەبێتەوە. هاوکات لەگەڵ کەڵەکەبوونی هەورەکان، ئەگەری بارانی پچڕپچڕ و هەورەبرووسکە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای عێراق زیاددەکات.
کەشناسیی عێراق پێشبینیی ئەوە دەکات، بەیانیان و شەوان کەشوهەوا سارد دەبێت و بەڕۆژیش فێنک بۆ نیمچە سارد دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای عێراق.