ڕێکخراوێکی ئێرانی: بەهۆی هێرشەکان 204 منداڵ گیانیان لە دەستداوە

ڕێكخراوی مانگی سوری ئێرانی بڵاویكردەوە، لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل تا ئێستا 204 منداڵ گیانیان لە دەستداوە، زیاتر لە 18 هەزار كەسیش برینداربوون.

ڕۆژی یەکشەممە 22ی ئاداری 2026 ڕێكخراوی مانگی سوری ئێرانی ڕایگەیاند: “لە ئەنجامی هێرشەكانی ئەمریكا و  ئیسرائیل 498 خوێندنگە و 251 بنكەی تەندروستی و 17 بنكەی ڕێكخراوی مانگی سوری ئێرانی زیانیان بەركەوتووە، 81 هەزار خانووش لە نێو زیانەکان تۆمارکراون.”

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “هێرشەكانی سەر ئێران بەزاندنی یاسا نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ و پەیماننامەی جنێفە. بەردەوام دەبین تا لە ڕێگەی یاسا و دەزگا نێودەوڵەتییەكانەوە هێرشكاران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.”

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێ دەنێتە ڕۆژی 23یەم و دۆناڵد ترەمپیش مۆڵەتی 48 کاتژمێری بۆ ئێران داناوە، کە ئەگەر هێرشەکان ڕانەگرن ئەوا زۆر بە تووندی لێیان دەدەن.