بڕیارە ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات بگاتە هەرێمی کوردستان و سبەی لە “کۆڕبەندی مێپس” بەشداری پانێڵێک بکات.
سبەی چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025 دووەم ڕۆژی کۆربەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکی – دهۆک بەڕێوەدەچێت. بە گوێرەی زانیارییەکانی داڵ میدیا، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات یەکێک دەبێت لە پانێڵیستەکانی کۆڕبەندەکە.
داڵ میدیا زانیوویەتی، ئەمڕۆ مەزڵوم عەبدی دەگاتە هەرێمی کوردستان و سبەی کاتژمێر 9:10 بۆ 10:00ی پێشنیوەڕۆ لەگەڵ هەر یەک لە ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری توركیا و عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری پێشتووتری توركیا و سیاسەتمەداری باكووری كوردستان، بەیەکەوە لە پانێڵێکی کۆڕبەندی مێپس بەشداردەبن.
مێپس 2025 شەشەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ساڵانە لە زانکۆی ئەمریکی – دهۆک بە بەشداری چەندین بەرپرس و سیاسەتمەداری ناوخۆ و جیهانی بەڕێوەدەچێت. ئەمڕۆ یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکە بەڕێوەچوو و دەیان سەرکردەی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداریان تیادا کرد.