نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عێراق و وەرزشوانان کرد بەبۆنەی سەرکەوتنی مێژوویی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ مۆندیالی 2026.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: “بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیالی 2026 دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی بۆلیڤیا بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە یەک گۆڵ لە مەکسیک، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی عێراق و وەرزشوانان و یاریزانانی هەڵبژاردەکە دەکەم.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا گوتیشی: “ئەم دەستکەوتە مێژوویییە دوای 40 ساڵ چاوەڕوانی هاتە دی، مژدەیەکی خۆش و مایەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان، دەستخۆشی لە تەواوی ئەندامانی هەڵبژاردەکە دەکەم کە بە ماندووبوون و دڵسۆزیی خۆیان، خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە ڕاستی.”
دەقی پەیامە پیرۆزباییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق بۆ مۆندیالی 2026، که له مهکسیک بهرامبهر به تیمی بۆلیڤیا به دوو گۆڵ بهرامبهر به گۆڵێک بردییهوه، گەرمترین پیرۆزبایی لە گەلی عێراق بهگشتی، وەرزشوانان و یاریزانانی هەڵبژاردەکە دەکەم.
ئەم دەستکەوتە مێژوویییە کە دوای (40)ساڵ چاوەڕوانی هاتە دی، مژدەیەکی خۆش و مایەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەکان. دەستخۆشی لە تەواوی ئەندامانی هەڵبژاردەکە دەکەم کە بە ماندووبوون و دڵسۆزیی خۆیان، خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان کردە راستی.
هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی کۆمەڵەی مۆندیالدا دەخوازم و ئومێدەوارم ئەم سەرکەوتنە ببێتە هەوێنی تەبایی و خۆشی بۆ هەمووان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی یارییەکانی پاشکۆی پاڵاوتنی گەیشتن بە جامی جیهانیی 2026، هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق لە هەڵبژاردەی تۆپی پێی بۆلیڤیای بردەوە و دوای 40 ساڵ چاوەڕوانی جارێکی دیکە هەڵبژاردەی عێراق گەیشتەوە مۆندیال.