ئەمڕۆ یەکەم مووچەی ساڵی 2025ی خانەنشینانی پێشمەرگە دابەشدەکرێت

بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە ئەمڕۆ مووچەی ئەو پێشمەرگە خانەنشینانە دابەشبکرێت کە لە 2025-01-01 خانەنشین کراون و تا ئێستا مووچەی هیچ مانگێکی ئەم ساڵیان وەنەگرتووە.

شەوی چوارشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، “لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا کێشەی مووچەی ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانەی لە 2025-01-01 بەدواوە خانەنشین بوونە و مووچەیان لەلایەن حکومەتی فیدرالەوە خەرج نەکراوە چارەسەر بکرێت.”

دوابەدوای ئەو ڕاگەیاندراوەی حکومەتی هەرێم، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ “ڕۆژی پێنجشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2025 مووچەی مانگێکی خانەنشینانی پێشمەرگە دابەشدەکرێت.”

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە؛ بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوبەرایەتی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپێردران بە زووترین کات دۆسیەی سەرجەم ئەو پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەدارانە تەواو بکەن کە بڕیاری خانەنشینبونیان بۆ دەرچووە.

دەربارەی خەرجکردنی ئەو مووچەیە، حکومەتی هەرێم دەڵێت؛ مووچەکەیان وەک پێشینە لە سەر داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ خەرج دەکرێت و بە زووترین کاتیش چارەسەری ئەم بابەتە دەکرێت.