پەرلەمانتارێکی عەرەب دەستڕێژی گوللە لە ماڵی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی دەکات 

فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی: هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی دەگرینەبەر دژی ئەو پەرلەمانتارەی دەسترێژی گوللەی کردۆتە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەییمان لە قەزای دووبز.

ڕۆژی شەممە 2025-11-15 بەربژێرێکی دەرچووی حیزبی تەقەدووم بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەیی زێرەڤانی بە ناوی ئەحمەد خەڵەف لە قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025 فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ “هەرچەندە پێشمەرگەکەمان خۆی لە ماڵەوە نەبووە، بەڵام بەربژێرەکەی تەقەدووم دەستڕێژی گوللـەی لە ماڵی کردووە و خانەوادەکەی ئازار داوە.”

فەرماندەیی زێرەڤانی ئەوەشی ڕاگەیاند، “بە توندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی قەزای دووبز دەکەین، بە زووترین کات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو بەربژێرە بگرنەبەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیێنرێت.”

زێرەڤانی جەخت لەوەش دەکات، کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لە دژی ناوبراو دەگرێتەبەر، ئیدارە و هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگادار دەکاتەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک و خانەوادەکانیان لە سنوورەکە لە ئەستۆی ئەوان دایە. 

داڵ میدیا لە سەرچاوەیەکی نافەرمی زانیوویەتی، هۆکاری هێرشکردن و دەستڕێژی گوللەی موهەیمەن حەمدانی بۆ سەر ماڵی پێشمەگەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەخنەگرتن لەو پەرلەمانتارە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی.