ماڵپەڕێکی ئێرانی ئاشکرای دەکات، هێزە ئەمنییەکان تەقەی راستەوخۆ لە خۆپیشاندەرانی ئێران دەکەن و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی کانوونی دووەمی 2026 ماڵپەری ئێران ئینتەرنەشناڵ لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سەرتاسەری وڵاتدا هێزی کوشندە دژی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنن. بە پێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە شاری “کەهریزەک”ی باشووری تاران بۆ ماڵپەرەکەیان نێردراوە چەند تەرمێک پیشان دەدات کە لاشەکانیان خراونەتە نێو کیسی لایلۆنی تایبەت بە تەرم.
بەپێی وتەی دوو شایەتحاڵ بێت, کە بۆ گەڕان بەدوای کەسوکارەکانیاندا سەردانی شاری “کەهریزەک”یان کردبوو، زیاتر لە 400 تەرمیان لەو ناوچەیە بینیوە. هاوکات بە گوێرەی ماڵپەڕە ئێرانییەکە، تەنها لە ڕۆژی هەینیدا، 44 تەرم گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی “مەدانی” لە کەرەج و 36 تەرمی دیکە بۆ نەخۆشخانەی “غایم”.
سەرەڕای ئەو سەرکوتکارییانەی حکومەتی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران دەیکات، هێڵەکانی ئینتەرنێت لە تەواوی ئێران لە 8ی کانوونی دووەمەوە پچڕاون، ئەمەش وایکردووە نەتواندرێت وێنە و ڤیدیۆی تەواو لە ڕووداوەکان بەدەست بهێندرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، قەبارە و بەردەوامی هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزی سەربازی کوشندەی ئێران بە شێوەیەکی فراوان بەکاردەهێنرێت بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.
زۆرترین خەمڵاندنەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا بە لایەنی کەم 2000 کەس کوژراون. پزیشکێکیش لە شاری “ڕەشت”ی باکووری ئێران دەڵێت؛ تەنیا لە یەک نەخۆشخانە 70 تەرمی وەرگرتووە.

