ئێران: خۆتان بۆ نەوتی 200 دۆلاری ئامادە بکەن

ئێران هۆشداری دەداتە جیهان تا خۆیان بۆ نەوتی 200 دۆلاری ئامادە بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 99 دۆلاری تێپەڕاند.

ڕۆژی چوارشەممە 11ی ئاداری 2026 ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی بارەگای سەربازیی ‘خاتەمو ئەلئەنبیا’ لە پەیامێکی ڕاستەوخۆدا بۆ واشنتن ڕایگەیاند: “ئامادەکاری بکەن بۆ ئەوەی نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 200 دۆلار، چونکە ئاسایشی وزە پەیوەستە بە ئاسایشی ناوچەکەوە کە ئێوە ناسەقامگیریتان کردووە.”

لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسداران هەڕەشەی تەقاندنەوەی ئەو بانکە ئەهلییانە دەکات، کە مامەڵە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن و گوتی: “هاووڵاتییان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە دووری هەزار مەتر لەو بانکانە بمێننەوە، چونکە وەک ‘ئامانجێکی شەرعی’ سەیر دەکرێن.”

جەنگی ئێران و داخرانی گەرووی هورمز هۆکاری سەرەکی گرانبوونی نرخی نەوتە. تارانیش دەڵێت؛  تا هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل نەوەستێت، گەرووی هورمز بە ڕووی نەوتدا ناکەنەوە.