بۆ یەکەمین جار لە شاری کەرکووک کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی تیژڕەوی داندرا و بەڕێوەبەری هاتووچۆش دەڵێت؛ لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتییانە.
ڕۆژی سێشەممە 21ی ئۆکتۆبەری 2025 عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک ڕایگەیاند؛ بۆ یەکەمین جار لە شاری کەرکووک بەهۆی قەرەباڵغی دەورووبەری شار، زۆری ڕووداوی هاتووچۆ و پابەندنەبوونی هاووڵاتییان کامێرای تیژڕەی لە شارەکە دادەندرێت.
عامر نەریمان باس لەوەش دەکات؛ لە هەر کاتژمێرێکدا جارێک شوێنی کامێرای چاودێری لە ناوەوە و دەرەوەی شاری کەرکووک دەگۆڕدرێت. وە دانانی کامێرای تیژڕەوی لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و کەمکردنەوەی ڕێژەی ڕووداوی هاتووچۆیە.
دەربارەی بڕی سزای سەرپێچی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک دەڵێت، بڕی سەرپێچی سزای کامێرای تیژڕەوی بۆ ناوەوە و دەرەوەی شار 200 هەزار دینارە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی تەنها مانگێکدا، نزیکەی 10 ڕووداوی هاتووچۆ لە شەقامی بازنەیی کەرکووک ڕوویانداوە و قوربانیی لێکەوتووەتەوە.