ئەندامێکی تیمی کۆمسیۆن هۆشداری دەدات دەربارەی ئەو هەڵانەی لە کاتی دەنگدان دەبێتە هۆی سووتانی دەنگ و دەڵێت؛ لێدانی قەڵەم لە دوو لیستی جیاواز یەکێکە لە هەڵەکان.
سبەی سێشەممە 2025-11-11 دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دیارترین ئەو هەڵانە ڕووندەکاتەوە کە دەبێتە هۆی پوچەڵبوونەوەی دەنگی دەنگدەر. هەڵەکان بریتین لە:
لێدانى مۆرى قەڵەمى کۆمسیۆن لە تەنها ژمارەی کاندیدەکە بەبێ ئەوەی مۆرى قەڵەم لە لیستی حیزبەکە بدرێت.
لێدانى قەڵەم لە دوو لیستی جیاواز لە یەک کاتدا.
لێدانى مۆرى قەڵەم لە زیاتر کاندیدێک.
لێدانی مۆر لە دەرەوەی چوارگۆشەی دیاریکراو، کە لەلایەن کۆمسیۆن لە بەرامبەر لیست و ژمارەی کاندید دیاریکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە 9ی ئۆکتۆبەری 2025 دەنگدانی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا. یەکێک لە کێشەکان لە دەنگدانی تایبەت، بریتیبوو لەوەی کاتێک دەنگدەر کاغەزی دەنگدانی دەخستە نێو سندوقی ئەلیکترۆنیی دەنگدان، سندوقەکە کاغەزەکەی قبوڵ نەدەکرد و فڕێی دەدایە دەرەوە.
دەربارەی ئەم کێشەیە، داڵ میدیا زانیوویەتی، یەکێک لە هۆکارە دیارەکان، پوچەڵکردنەوەی دەنگە به ڕێگا لێدانی مۆر لە دوو لیستی جیاواز.
دەربارەی دەنگی پوچەڵ، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021 دا، نزیکەی نیو ملیۆن دەنگ پووچەڵکرانەوە و دەنگەکانیان لە کۆی زیاتر لە 9 ملیۆن بەشداربوو هەژمار نەکرا.