دوو منداڵی عەرەب لە مەلەوانگەیەکی شەقڵاوە خنکان

لەنێو مەلەوانگەی خانووێکی گەشتیاری لە قەزای شەقڵاوە دوو منداڵ خنکان کە خوشک و برای یەکترین و بە بنەچە عەرەبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025 عەقید عەبدولقادر دڵشاد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی شەقڵاوە ڕایگەیاند؛ ڕووداوێکی خنکان لەنێو یەکێک لە خانووە گەشتیارییەکانی قەزای شەقڵاوە ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا.

بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی شەقڵاوە ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ئێمە لەو ڕووداوە ئاگادار نەکراوینەتەوە و لە نێو ماڵاندا ڕوویداوە.

داڵ میدیا زانیوویەتی، منداڵەکان خوشک و بران و بە بنەچە عەرەبن. بە مەبەستی گەشتیاری ڕوویان لە ناوچەکە کردووە.

لە سنووری قەزای شەقڵاوە ئەمە یەکەم ڕووداوی خنکان نییە و بە وتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی قەزاکە ئەمە سێیەم حاڵەتی خنکانە و چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.