نەخۆشی ڕێگەی نەدا زاواکەی ئاکرێ بچێتە نێو قەفەسی زێڕین و دوای زیاتر لە دوو مانگ لەدەستدانی جوڵەی دەست و قاچەکانی گیانی لەدەستدا.
میهران هەرکی گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی یەکێک لە گوندەکانی سنووری قەزای ئاکرێیە. لە ڕۆژی 2025-09-14 ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجامدا و جلی زاوایەتی لەبەرکرد، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لەنێو ئاهەنگەکە جوڵەی قاچەکانی لەدەستدا و ئەمڕۆ 4ی تشرینی دووەمی 2025 لە نەخۆشخانە بۆ دواجار ماڵ ئاوایکرد و لەگەڵ خۆی خەونی زاوایەتی بردە ژێر گڵ.
کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی میهران هەرکی بە داڵ میدیای ڕاگەیاند؛ میهران پێش ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەی هیچ کێشەیەکی نەبووە و پێشتر نەیان زانیوە کە هیچ نەخۆشیەکی هەبێت.
ئەو سەرچاوەیە چیڕۆکی نەخۆشکەوتنی میهران بۆ داڵ میدیا دەگێڕێتەوە و دەڵێت؛ دوای چەند کاتژمێرێک لە ئاهەنگەکە، زاوا کە میهران هەرکییە، بە کەسەکانی چواردەوری دەڵێت، “قاچەکانم ئازاریان هەیە”، بەڵام بابەتەکە پشتگوێ دەخرێت و پاشان میهران قسە دەکات و ئەو جارەیان دەڵێت؛ “قاچەکانم کار ناکەن.” کاتێک گوێیان لەو قسەیەی میهران دەبێت و هەمووان سەریان سوڕدەمێنێت و خێرا دەیگەیێننە بنکەی تەندروستیی فریاکەوتنی ئاکرێ.
دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، ئیتر میهران لە هۆش خۆی دەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی پارێزگای دهۆک دەکرێت.
میهران زیاتر لە دوو مانگ لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ ماڵئاوای کۆتایی لە ژیان و خێزانەکەی دەکات و کۆچی دوایی دەکات.
برایەکی میهران هەرکی دەربارەی نەخۆشییەکەی میهران ڕایگەیاند؛ براکەمان گرفتی دەمارەکانی هەبوو، بەڵام پێشتر هیچ نیشانەیەکی ئەو نەخۆشییەی نەبووە و پێمان نەزانیووە. دەربارەی جۆری نەخۆشییەکەشی دەڵێت، “دەوترێ لە سێ هەزار مرۆڤ یەک مرۆڤ دوچاری ئەم نەخۆشیە دەبێت و دیارە ئەمەش میهرانەکەی ئێمە بووە.”
براکەی میهران هەرکی لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت؛ “ئێمە خۆشی و شادیمان لێ بوو بە شین و بۆ هەمیشە دڵ بە خەم ماینەوە بەڵام شوکرین بە تاقیکردنەوەی خودا، خوایە ئەم دەرد و ناخۆشیە بەسەر کەس نەیەت.”