گەنجێکی باڵەکایەتی لە سلێمانی کوژرا و ئەمڕۆ تەرمەکەی ناسرایەوە

ڕێکار عەبدولڕەزاق، ئەو چەکدارەی لە شەڕەکەی لالەزاری سلێمانی کوژرا و بەهۆی شێواوی تەرمەکەی، ئەمڕۆ پشکنینی DNA دەرچوو و تەرمەکەی ناسرایەوە. 

شەڕەکەی لالەزار لە شەوی 22-8-2025 لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سنووری سلێمانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی ڕوویدا. گەنجێکی باڵەکایەتی یەکێک بوو لەو چەکدارانەی سەر بە لاهور جەنگی و لەم شەوەدا بێ سەروشوێن بوو.

دوای دوو مانگ بێ سۆراغ بوونی گەنجێک بە ناوی [ڕێکار عەبدولرەزاق] کە خەڵکی گوندی پیرۆمەری ناحیەی سمیلانی قەزای چۆمانە، ئەمڕۆ دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025 پزیشکی داددی سلێمانی لە ڕێگەی پشکنینی DNA دووپاتی کردەوە کە ناسنامەی تەرمەکە، گەنجەکەی باڵەکایەتییە.

داڵ میدیا زانیوویەتی، ڕێکار یەکێک بووە لەو چەکدارانەی کە سەر بە لاهوری شێخ جەنگی بووە و بەهۆی سووتانی جەستەی لە شەڕەکەی لالەزار نەتواندراوە ناسنامەکەی بناسرێتەوە.

لە ئێستادا خێزانی ئەو گەنجە بەڕێگەوەن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی کوڕەکەیان لە پزیشکی داددی سلێمانی و بڕیارە لە گوندەکەی خۆی، پیرۆمەری باڵەکایەتی بەخاکی بسپێرن.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەکانی ڕابردوو، خێزانی ئەو چەکدارە بە گریانەوە چوونە بەردەم ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و لە میدیاکانەوە داوای سۆراغێکی کوڕەکەیان کرد.