باران بارین دەست پێ دەکات 

کەشناسێک پێشبینی دەکات؛ لە چەند ڕۆژی داهاتوو شەپۆڵێكی بارانبارینی باش ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بگرێتەوە و دۆخی وشكی و بێ بارانی كۆتایی پێ بێت.

ڕۆژی یەکشەممە 2ی تشرینی دووەمی 2025 ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند؛ ئەگەرێکی بەهێز هەیە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە ئەم دۆخە وشکی و نەبارینی بارانە کە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە لەسەر ناوچەکانمان، کۆتایی پێ بێت.

ئاراس جەبار، باس لەوەش دەکات کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە جارێکی دیکە شەپۆڵەکانی بارانبارین بۆ سەر ناوچەکانمان دەست پێ دەکاتەوە، ئەمە وەک سەرەتایەکە بۆ بارانبارینی ئەمساڵ.

ئەو کەشناسە، جەختی لەوە کردەوە تا کاتی نزیکبوونەوەی شەپۆڵەكە، بڕ و هێزی بارانبارینەكە دیار نییە، بەڵام پێشبینی كراوە دەرئەنجام و گۆڕانکارییەکی باشی هەبێت.