بەرهەم ساڵح کاندیدە بۆ پۆستێکی باڵای جیهان و پارتی پشتگیری لێ دەکات

د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح کاندیدی عێراق و کوردستانە بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسێکی باڵای پارتی دەڵێت؛ “هەموان پشتیوانی دەکەن.”

ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئۆکتۆبەی 2025 هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پۆستێکی کردووە و دەڵێت؛ دکتۆر بەرهەم ئەحمەد سەڵاح کاندیدی عێراق و کوردستانە بۆ پۆستی کۆمیساریای باڵای UNHCR و پشتیوانی تەواوی ئێمەی هەیە ئەو خاوەنی هەموو بڕوانامە و لێهاتوویی پێویست بۆ سەرکردایەتی کردنی ئەم ڕێکخراوە مرۆییە گرنگە.”

هۆشیار زێباری لە پۆستەکەیدا داوایەک ئاڕاستەی وڵاتان دەکات و دەڵێت؛ “داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندام دەکەین پشتگیری لە کاندیدکردنی بکەن و بڕیارەکە لەم هەفتەیەدا دەدرێت.”

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق یەکێکە لەو پێنج کاندیدەی کە بۆ سەرۆکایەتی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دانراون و بەغدا بە فەرمی پشتگیری لە کاندیدکردنی دەکات.