بۆ هێنانەوەی ماسی چوو کەچی تەرمی خۆی هاتەوە  

شەوی ڕابردوو لە بەندوای دەربەندیخان کەسێک گیانی لەدەستدا کە بۆ مەبەستی ڕاوە ماسی لەگەڵ دوو هاوڕێی ڕوویان لەو شوێنە کردبوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ی ئۆکتۆبەری 2025 سلێمان موحەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان ڕایگەیاند؛ “ئەو سێ کەسەی لە قەزای ڕزگارییەوە هاتبوونە بەنداوەکە بۆ ڕاوی ماسی، نزیک کاتژمێر 1:00ـی  شەو یەکێکیان جەڵتە لێیداوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستدا.”

سلێمان موحەممەد ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 55 ساڵە و  پێشتر نەخۆشی دڵی هەبووە.

بەڕێوەبەری قەزای دەربەندیخان باس لەوەش دەکات، لە ئێستادا بە فەرمانی دادوەر ئەو دوو کەسە ڕاگیراون کە لەکاتی ڕاوە ماسییەکە لەگەڵی بوون، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی تاوەکو ڕاپۆرتی پزیشکی دادی هۆکاری مردنەکەی یەکلایی دەکاتەوە.