ئەندامێکی سوپای پاسداران ژنێک دەکوژێت چونکە ئاماددە نەبووە هاوسەرگیری لەگەڵ بکات 

لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەندامێکی سوپای پاسداران ژنێک بەناوی لەیلا عەلیڕەمایی دەکوژێت، دوای ئەوی ملکەچ نابێت واز لە هاوسەرەکەی بهێنێت و هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کارمەندە بکات.

ڕۆژی دووشەممە 27ی ئۆکتۆبەری 2025 ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو ڕاپۆرتێکی ژنکوژی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ “ڕۆژی یەکشەممە 26ی ئۆکتۆبەری 2025 ژنێکی 40 ساڵە بە ناوی لەیلا عەلیڕەمایی خەڵکی گوندی بێساران و نیشتەجێی شاری مەریوان لە لایەن پیاوێکی دراوسێیان بە ناوی کەیوان باسامی، کە ئەندامی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانە لەڕێگای بەکارهێنانی چەکی گەرمەوە کوژراوە.”

هەنگاو هۆکاری کوژرانی لەیلا ئاشکرا دەکات و دەڵێت؛ “سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هه‌نگاوی ڕاگەیاند،  بکوژەکە چووە بۆ ماڵی لەیلا و داوای لە ناوبراوە کردووە کە لە هاوژینەکەی جیاببێتەوە و لەگەڵ ئەو هاوسەرگیری بکات، بەڵام لەیلا ئەم داواکارییەی ڕەتکردۆتەوە. لە پاش ئەم ڕەتکردنەوەیە، بکوژەکە لەیلای لە پێش دووکانی شوێنی کارکردنەکەی، لەیلای داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.”

ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، زانیاری لەسەر کەسی بکوژ بڵاودەکاتەوە و باس لەوە دەکات، بکوژ خاوەنی دوو هاوژینە و پێشووتر توندوتیژی بەرامبەر هاوژینەکانی بەکارهێناوە و هاوژینی دووەمی بەهۆی توندوتیژی بەردەوام داوای جیابوونەوەی کردووە.

لەیلا عەلیڕەمایی خاوەن هاوژین بووە و کچ و کوڕێکی منداڵی هەبووە، لەکاتی کوژرانی و ڕوودانی ئەم ڕووداوە هاوژینەکەی لە ماڵ نەبووە و منداڵەکانیشی لە قوتابخانە بوون.