نرخی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، بەجۆرێک نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی ماڵان گەیشتووتە 190 هەزار دینار.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2025، نەوتفرۆشێک لە شاری هەولێر ڕایگەیاند؛ “بەرمیلێک نەوتی ماڵان لە هەولێر بە 190 هەزار دینار دەفرۆشرێت و بە گەیاندنەوە گەیشتووتە 200 هەزار دینار و بەپێی مەودا و شوێنی گەڕەکەکان دەگۆڕێت. هاوکات لە سلێمانی بە هەرزانتر دەفرۆشرێت کە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 175 هەزار دینارە.”
ئەوەش لە کاتێک دایە پێشتر نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە سلێمانی بە 165 هەزار دینار بوو، بەڵام بەهۆی هاتنی شەپۆلی باران بارین کە چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووتەوە نرخی نەوتیش ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕایگەیاند: ئەم ساڵ زیاتر لە 107 ملیۆن لیتری نەوتی سپیمان بەسەر زیاتر لە 500 خێزان دابەشکردووە. کە لە ناوچە شاخاوییەکان بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێت و 537 هەزار خێزان نەوتیان وەرگرتووە.
بری ئەو نەوتەی بەسەر هاوڵاتیان دابەشکراوە بەم شێوەیە:
پارێزگای هەولێر: 28 مليۆن و 260 هەزار و 876 لیتر دابەشکراوە بەسەر 208 هەزار و 460 خێزاندا.
پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 46 ملیۆن و 186 هەزار و 200 لیتر دابەشکراوە بەسەر 257 هەزار و 605 خێزاندا.
پارێزگای دهۆک: 12 ملیۆن و 186 هەزار و 200 لیتر دابەشکراوە بەسەر 71 هەزار و 170 خێزاندا.

