بەلەمێک ژێر ئاو کەوت و 19 کۆچبەر خنکان

لە سنوورە ئاوییەکانی پارێزگای ‘موغڵا’ لە تورکیا، بەلەمێک ژێرئاو کەوت و بەم هۆیەوە 19 کۆچبەر گیانیان لەدەست داوە و ژمارەیەکی دیکەش ڕزگار کران.

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەناراوەکانی ‘موغڵا’ ڕایگەیاند: “دوای دەستنیشانکردنی بەلەمەکە لەلایەن تیمەکانیانەوە، داوایان کردووە بووەستێت تاوەکو بە هانایانەوە بچن، بەڵام ڕەتی کردووەتەوە و بەهۆی نالەباری کەشوهەوا ئاو چووەتە ناو بەلەمەکە و دواتر ژێرئاو کەوتووە.”

بەڕێوەبەڕایەتییەکە گوتیشی: “نازانین چەند کەس لە بەلەمەکەدا بوون و وێڕای باران و زریان، بە هەلیکۆپتەر و کەشتی بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.”

لە ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەناراوەکانی ناوچەی ‘موغڵا’ لە تورکیا هاتووە، کە گیان لەدەستدانی 19 کۆچبەر لە کاتی ژێرئاو کەوتنی بەلەمەکە پشتڕاستکراوەتەوە.

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 831 کۆچبەر بێسەروشوێن بوون و بە مردوویی لە دەریای ناوەڕاستدا دۆزراونەتەوە.