خورشید هەرکی دەربارەی بێلایەنی بوونی ڕایگەیاند؛ “بێلایەن نیم، سەد لە سەد بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارتی دەکەم و پارتیم و فیدای سەرۆک بارزانیم.”
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خورشید هەرکی، کەسایەتی دیاری عەشیرەتی هەرکی لە پۆستێکی فەیسبووک بێلایەنی خۆی لە هەموو حیزبەکان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئۆکتۆبەری 2025 خورشید هەرکی لە تۆڕی میدیای ڕووداو رایگەیاند؛ “ئێستا کێشەکانمان چارەسەرکراوە و جارێکی دیکە چەک بەرامبەر هیچ کوردێک هەڵناگرمەوە و دەبێت ئێمە تایبەتمەندی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ئاشتی و برایەتی هەڵبگرین.”
خورشید هەرکی سوپاسی هەر یەک لە “سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی” دەکات و دەڵێت؛ بە هەوڵی ئەوان کێشەکانم بە تەواوەتی چارەسەر کران.
خورشید هەرکی دەرباری ئەو پۆستە ڕوونکردنەوە دەدات، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کردبووی و تیایدا بێلایەنی خۆی لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندبوو و دەڵێت؛ “بەهۆی نیگەرانیم بەرامبەر دواکەوتنی چارەسەری کێشەکانم ئەم پۆستەم کرد”
پێشەکەشکارەکە پرسیار لە خورشید هەرکی دەکات؛ ئێستا بێلایەنیت؟
لە وەڵامدا خورشید هەرکی دەڵێت، “نەخێر، من هەر کوڕی سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەی ئەوم، پارتیم و فیدای سەرۆک بارزانیم.”
لەلایەکی دیکەوە خورشید هەرکی داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، دەستیان لە ناو دەستی یەک بێت و رەخنەی ڕوخێنەر لە یەک نەگرن.
دەربارەی بانگەشەی هەڵبژاردن خورشید هەرکی لە وەڵامی پێشکەشکارەکە دەڵێت؛ “ تا ئێستا بەهۆی ئەو کێشانەی هەمانبووە، بەشداریم لە بانگەشەی هەڵبژاردن نەکردووە و سەد لە سەد بانگەشە بۆ پارتی دەکەم” هەروەها دەشڵێت؛ “ئاماددەین بۆ سەرۆک بارزانی بمرین.”
دەربارەی سەردانیکردنی لایەنەکانی دیکەش خورشید هەرکی ڕایگەیاند؛ “ ماڵی ئێمە لە باب و باپیرانەوە دیوەخان بووە و ڕێز لە هەموو لایەنەکان دەگرین کاتێک سەردانمان دەکەن.”
خورشید هەرکی باس لە کێشەکانی نێوان عەشیرەتی هەرکی و گۆران دەکات و دەڵێت؛”من داپیرم گۆرانە و خوارزای ئەوانم، هەموومان برای یەکترین و تەنها مافمان پێ بدرێت، ئاشتەوای لەگەڵیان ڕادەگەیێنین.”
لە کۆتایدا خورشید هەرکی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت، “تا مردن هەڵوێستی سەرۆکی هەرێم لە بیر ناکەم” و “داوا لە خوا دەکەم تەمەنی منیش بچێتە سەر تەمەنی سەرۆک بارزانی.”